ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاراستەیەک لەناو پەرلەماندا هەیە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوە و ڕێکخستنەوەی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان.
ئاوێنە: لە هەمان کاتدا، لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 ڕۆژ جارێک دەکەن، جەختیشی کردەوە کە دواکەوتنی مووچە بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە و مانای گۆڕینی مافی مانگانەی فەرمانبەر نییە.
محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ڕایگەیاند: “لیژنەکەمان لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی کەمکردنەوە و دیاریکردن و ڕێکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان پەسەند دەکات”، ڕوونیشیکردەوە کە “ئەم هەنگاوە دەتوانێت متمانەی هاووڵاتی بگەڕێنێتەوە و هەست بە بوونی چاکسازییەکی ڕاستەقینە بکات”.
جەختیشی کردەوە کە “دەبێت چاکسازی لە سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکانەوە دەستپێبکات، لە پلەی وەزیرەوە بۆ خوارەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی، پێش ئەوەی بچینە سەر فەرمانبەرانی دیکە، بە شێوەیەک کە دادپەروەری بهێنێتەدی”.
خەفاجی ئەو دەنگۆیانەی بە دوور لە ڕاستی ناوبرد کە باس لە “دابەشکردنی مووچە هەر 45 ڕۆژ جارێک” دەکەن و وتی: “دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە مانای ئەوە نییە کە مانگ بووەتە 45 ڕۆژ، بەڵکو تەنیا دواکەوتنێکە لە خەرجکردن بەهۆی دۆخی داراییەوە”، جەختیشی کردەوە کە “فەرمانبەر هەر خاوەنی مافی مووچەکەیەتی بۆ 12 مانگی ساڵ و ناکرێت مووچەکانی لەوە کەمتر بێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە “قەیرانی دارایی لە ئارادایە و لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچە”، ڕوونیشیکردەوە کە “هەندێک فەرمانگە تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی وەرنەگرتووە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی داراییەوە، بەڵام ئەمە مافی مانگانەی فەرمانبەر ناگۆڕێت”.
خەفاجی دووپاتیکردەوە کە “چارەسەری قەیرانەکە پێویستی بە یاسای نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە”، ئاماژەی بەوەدا کە “بەهەدەردانێکی زۆر هەیە لە تەندەر و کڕینەکاندا، جگە لە دۆسیەکانی دیکە کە دەکرێت لە ڕێگەی یاسا و چاودێرییەوە چارەسەر بکرێن”.
باسی لەوەشکرد کە “پێڕەوی دادپەروەرانەی مووچە دەتوانێت بەشێک لە کێشەکە چارەسەر بکات، لەبەرئەوەی مووچەی زۆر کەم هەیە بەرامبەر مووچەی زۆر بەرز”، و وتی “بەدیهێنانی هاوسەنگی پێویستی بە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی مووچە هەیە، چونکە بەرزکردنەوەی مووچە نزمەکان و هێشتنەوەی مووچە بەرزەکان، پارەیەکی زیادەی زۆری دەوێت”.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق جەختی لە “گرنگی بەرزکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان” کردەوە و وتی “ئەوانە سەرچاوەیەکی یارمەتیدەرن بۆ ئابووری، بەڵام ناتوانن بە تەواوی جێگەی داهاتی نەوت بگرنەوە” و دڵنیای دایەوە کە “چارەسەری دۆخی دارایی پێویستی بە ڕاگرتنی بەهەدەردان و گەندەڵی و چاکسازی لە پێڕەوی مووچە و بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان مووچە و دابینکارییەکاندا هەیە”.