مۆڵەتی زەیدی بەرەو کۆتایی دەچێت، قائانیش لە بەغدا داوا لە گروپەکان دەکات؛ چەکەکان بەدەستەوە نەدەن
  2026-08-12       35       

سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ویستی ناوی ئاشکرا نەکرێت، بۆ "ئەلجەزیرە"ی ئاشکرا کرد کە ئیسماعیل قا ئانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتووەتە بەغدا. لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەک دانانی  گروپەکان و پێشهاتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکە.

ئاوێنە: سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە تاران لە ڕێگەی قائانییەوە پەیامێکی گەیاندووە بەوەی "لە ئێستادا کاتی ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان نییە"، ئەمەش لەسەر بنەمای خەمڵاندنەکانی ئێران بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی خولێکی نوێی جەنگ لە ناوچەکەدا. بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵوێستی تاران بەرامبەر هەموو گرووپەکان یەکگرتوو نییە و پەیامەکان بۆ هەر گرووپێک جیاوازن.

ڕێککەوتن لەبری ڕووبەڕووبوونەوە

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە پەیامەکەی ئێران جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی بەدیلێکی سیاسی لە نێوان حکومەتی عێراق و ئەو گرووپانەدا کردووەتەوە کە ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، لەبری ئەوەی بارودۆخەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە بچێت، لەگەڵ پاراستنی چەکەکانیان و ڕادەستنەکردنی بە ئارەزوومەندایە. ئاماژەی بەوەش کرد تاران دەیوێت ڕۆڵی هەبێت لە هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکەدا.

لە کاتێکدا حکومەتی عێراق جەخت لەسەر جددیەتی خۆی دەکاتەوە لە چەککردنی گرووپەکان و هێنانە سەر بڕیاری دەوڵەت، سەرچاوەکە پێی وایە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەسەر زەمینی واقعدا و بەپێی دراوە بەردەستەکان، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە دانوستان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی هەندێک لە گرووپە عێراقییەکاندا لە ئارادایە، کە وەک تەکتیکێک لەژێر گوشاری بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکیدا وەسفی کرد.

سەبارەت بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە، سەرچاوەکە وتی هێزە سیاسییەکانی عێراق بەکارهێنانی هێزی زیادەڕۆ و ڕشتنی خوێنی هەر لایەک ڕەت دەکەنەوە و بەردەوامیی دیالۆگ و دانوستانەکانیان بەلاوە پەسەندترە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. بەتایبەت دوای ئاماژەکانی هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی "یاسای دژەئەتیرۆر" بەسەر هەر چالاکییەکی چەکداریدا لە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە حکومییەکە لە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو، کە هەمان ئەو بەروارەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریکراوە.

سەرچاوەکە هۆشیاریی دادا لەوەی کە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ڕەنگە دەرگا بۆ لێکەوتەی مەترسیدار بکاتەوە کە کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نەبێت.

پێشتر هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، کە کەسایەتی و هێزە دیارەکانی شيعە، سوننە و کوردی تێدا کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ٥ی ئابدا جەختی لە گرنگیی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا کردبووەوە و ئەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان ڕەفتار دەکەن و ئاسایشی وڵات دەخەنە مەترسییەوە، بە "یاساشکێن" ناوزەد کردبوو کە دەبێت ڕووبەڕوویان ببڕدرێتەوە.

ناوەندگیری بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە

هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، سەرکردایەتی هەوڵێک دەکات بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و قەناعەتپێکردنی گرووپەکان تاوەکو لەم مانگەدا کە لە مۆڵەتەکە ماوەتەوە، بەرەو پرسی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت هەنگاو بنێن.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد کە حەکیم ڕۆڵی هەبووە لە متمانەبەخشین و ڕاگرتنی لێکەوتەکانی بۆردومانەکەی دوایی ئەمریکا و سعودیە کە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق کردبووە ئامانج.

بەڵام ئەرکەکە ئاسان دەستپێناکات؛ چونکە گرووپە چەکدارەکان ئامادەیی نیشان نادەن بچنە ناو دیالۆگی قووڵترەوە بەرلەوہ بزانن چارەنووسیان دوای ڕادەستکردنی چەکەکانیان چی دەبێت. سەرچاوەیەک لە یەکێک لەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، پێشتر بە "ئەلجەزیرە"ی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان وای دەبینن داماڵینی چەکەکانیان لە کۆتاییدا ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بەسەر تواناکانیان بگرێت.

پێوانەی ئاسایشی هەرێمایەتی

لە لایەکی ترەوە، غازی فەیسەڵ، سەرۆکی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ "ئەلجەزیرە" ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوامیی گرووپە عێراقییەکان لە پاراستنی چەکەکانیان و بەکارهێنانی دژی وڵاتانی ناوچەکە—بەپێی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان دەکرێت—ڕەنگە پرسەکە لە کێشەیەکی ناوخۆیی نێوان ئەوان و حکومەتەوە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئاسایشی هەرێمایەتی فراوانتر.

فەیسەڵ وتیشی: بەکارهێنانی خاکی عێراق و توانای سەربازیی گرووپەکان وەک سەکۆیەک بۆ ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ، ڕەنگە ئەو وڵاتانە هان بدات بەرپەرچدانەوەی ڕاستەوخۆیان هەبێت یان ڕێککەوتنی ئاسایشی هاوبەش پێکبهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەی هەڕەشەکان. بەمەش هەر هاوپەیمانییەکی ئەمنی نوێ لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو و ڕێڕەوە ستراتیژییەکان، خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم ناچاربوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان وەک بەشێک لە هاوکێشەی ئاسایشی هەرێمایەتی، نەک تەنها وەک لایەنی سیاسی ناوخۆیی عێراق.

ئەو پسپۆڕە جەختیشی کردەوە کە واقیعیترین ڕێگەچارە بریتییە لە جێبەجێکردنی بنەمای دانانی چەک و سپاردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها بە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق؛ چونکە ئەو دەوڵەتەی دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی لە دەستدا نەبێت، ناتوانێت بە تەواوی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت. هەروەها فرەیی ناوەندەکانی بڕیاری سەربازی، عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی ڕاکێشران بۆ ناو جەنگگەلێک کە خۆی بڕیاری لەسەر نەداوە و کۆنترۆڵی ئەنجامەکانیشی ناکات.

لە سەروبەندی ئەم ئاڵۆزییانەدا، عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە ڕاسپاردەی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان کرد بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەک بۆ حەسری چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی رێکارە دەستوورییەکان. ناوبراو هۆشیاری دا لەوەی چەکی دەرەوەی دەسەڵات مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەت، چونکە سەروەریی یاسا و شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لەکەدار دەکات.

شایانی باسە، هەفتەی ڕابردوو بەغدا ئاڵۆزیی ئەمنی بەخۆیەوە بینی لە دوای هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە کە لە ٢٩ی تەمووزی ڕابردوودا بارەگاکانی حەشدی شەعبییان کردبووە ئامانج، بەڵام پەیوەندییە حکومی و سیاسییەکان سەرکەوتوو بون لە ڕاگرتنی گرژییەکان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ هێورکردنەوە و ئاڕاستەی دیپلۆماسی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×