بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، ڕەخنە لە دابەشکاریی پۆستە کارگێڕییەکانی پارێزگای کەرکووک دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە پێگەی پێکهاتەی کورد لە ئیدارەدانی شارەکەدا بەرەو لاوازی چووە و بەشێکی زۆری پۆستەکان لەلایەن پێکهاتەی عەرەبەوە بەڕێوەدەبرێن.
ئاوێنە؛ هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، هاوسەنگی کارگێڕی لە پارێزگاکەدا تێکچووە و بەشەپێدانی پۆستەکان بە شێوەیەک بووە کە زۆرینەیان بەر پێکهاتەی عەرەب کەوتوون.
سەبارەت بە دۆخی زەویوزاری کێڵگەکان و پرسی دیمۆگرافی، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ناڕەزایەتی لە لایەن جوتیارانی کوردەوە هەیە بەرامبەر ڕێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان لە کێڵانی زەوییەکانیان. دەشڵێت، لە سەردەمی ئیدارەی پارێزگاری پێشوو، ڕاکان جبوری، زیاتر لە 72 هەزار هاووڵاتیی عەرەب هێنراونەتە ناوچەکە، کە بەپێی وتەی ئەو، ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ڕێکارەکانی ماددەی 140ی دەستوورە و بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی شارەکە ئەنجام دراوە.
دەربارەی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم دۆخە، بەرپرسەکەی پارتی ڕوونیکردۆتەوە کە لایەنە ڕکابەرەکان کەڵکیان لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لایەنە کوردییەکان و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 وەرگرتووە بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانی خۆیان. زیاتریشی کردووە کە تاوەکو ئێستاش بەشێک لە ماڵ و موڵکی کادیرانی پارتی لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هیوا ئەحمەد جەختی لەوە کردۆتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و کۆتاییهێنان بە ناهاوسەنگییەکان، پێویستە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنە کوردییەکان، سەرکردایەتیی سیاسی لە بەغدا و پێکهاتەی عەرەبدا بێتە ئاراوە، تاوەکو سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک بگەڕێندرێتەوە.