دادگای سوریا سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەشار ئەسەدو ماهری برایو چەند بەرپرسێکی دەسەڵاتی پێشووی بەعسی سوریادا سەپاند بەهۆی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی.
ئاوێنە: دادگای چوارەمی تاوانەکانی دیمەشق، سەرۆکی پێشووی سوریای بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، ئەشکەنجەدان، تاوانی دژە مرۆڤایەتی بە تاوانبار زانیو سزای لەسێدارەدانی بەشێوەیەکی غیابی بەسەردا سەپاند. لەبەرئەوەی ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ەوە لەڕوسیایە.
دادوەر لەخوێندنەوەی بڕیارەکەدا، ئەسەدی بە "تاوانباری سەرەکی" ناو بردو ئاماژەی بەوەدا کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی بەکارهێناوە بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان.
هەروەها ماهر ئەسەد برا بچووکەکەی سەرۆک کۆماری پێشوو کە هاوکات لەڕووسیایە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ماهر کۆنتڕۆڵی نوخبەی سەربازیی فیرقەی 4ی کردو بەیەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی ناو ئامێری ئەمنییەتی ڕژیم دادەنرا. ناوەکەی پەیوەست بوو بە سەرکوتکردن لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، کاتێک هێزەکانی حکومەت وەڵامی ناڕەزایەتییەکان و پاشان ڕاپەڕینی چەکدارییان دایەوە بە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتاری بەکۆمەڵ.
هەروەها سزای لەسێدارەدانی بەسەر عەتیف نەجیبی ئامۆزای ئەسەدو بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سیاسی لەدێرە سەپاند، کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ دەستگیرکرا، نەجیب بەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١ تۆمەتبار کرا. دۆسیەکە پەیوەستە بەدەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ١٥ منداڵ کە دروشمی دژە نیزامیان لەسەر دیوارێکی شاری دێرە نووسیبوو.
ئەم ڕووداوە یەکێک بوو لەو پریشکانەی کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی باشووری سووریای هەڵگیرساند. وەڵامدانەوەی توندوتیژی دەسەڵاتداران یارمەتیدەر بوو بۆ گۆڕینی ڕاپەڕینێکی ئاشتیانە لەسەرەتادا بۆ شەڕێک کە نزیکەی ١٤ ساڵی خایاندو گیان لەدەستدانی نیو ملیۆن کەسی لێکەوتەوە.
نەجیب لە قەفەسێکدا لە دادگا ئامادەبوو، جلوبەرگی زیندانی لەبەردا بوو. دادوەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و هیچ پەشیمانییەکی نیشان نەداوە.
بەم پێیە بڕیارەکەی دادگا هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتی نەک تەنیا بخاتە پاڵ بەرپرسی سیاسیی نیزام بەڵکو بۆ ئەو تاکانەی کە بە گرێدراوی زنجیرەی سەرکوت دادەنرێن.
بەشار ئەسەد لە ساڵی 2000، لە تەمەنی تەنها 34 ساڵیدا پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری گرتە ئەستۆ، دوای حافز ئەسەدی باوکی جێی گرتەوە. لە لەندەن وەک پزیشکی چاو ڕاهێنانی کردبوو، سەرەتا بڕیار نەبوو ببێتە میراتگری. گیان لەدەستدانی برا گەورەکەی باسیل لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا ڕێڕەوی گۆڕی.
وێنەی سەرۆکێکی نوێ و خوێندەواری ڕۆژئاوایی کە بتوانێت سوریا بەڕووی چاکسازییە سیاسی و ئابوورییە سنووردارەکاندا بکاتەوە، وردە وردە هەڵوەشایەوە. ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١١ خاڵی وەرچەرخان بوو.
لەو کاتەوە مێژووی ئەسەد بووە هاوواتای شەڕ و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و کوشتارو زیندان و ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی بەشێکی زۆری وڵات.
بڕیارەکەی ئەمڕۆ لە دیمەشقەوە هەوڵدەدات هێڵێکی ڕوون لە نێوان سوریای نوێ و ئەو قۆناغەدا بکێشێت. بەڵام پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا خەڵکی دەسەڵاتی کۆن سزا دەدرێن؟ ئەوەیە ئایا دەسەڵاتی نوێ دەتوانێت بیسەلمێنێت کە دادپەروەری خزمەت بە هەژموونێکی سیاسی نوێ ناکات، بەڵکو خزمەت بە سەروەری یاسایەکی جیاواز دەکات.
ڕووخانی ئەسەد بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاشتیی لەسوریا نەهێنایە ئاراوە. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥دا، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی عەلەوی بوون، لە شەپۆلێکی تۆڵەسەندنەوەدا کوژران، دوای ئەوەی چەکدارانی عەلەوی هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان.
هەروەها لەمانگی تەمموزی ئەو ساڵەدا زیاتر لە 1700 دروز لەسوەیدا کوژران، لەململانێیەکدا کە پەرەی سەند و بوو بە کۆمەڵکوژییەکی بەربڵاوی تائیفی و مەزهەبی. لەساڵی ٢٠٢٦یشدا هێرشکرایە سەر کورد لەحەلەبو چەندین ناوچەی دیکەی سوریا.