زه‌یدی و فه‌رمانده‌ی سێنتكۆم كۆبونه‌وه‌؛ 1ی ئۆكتۆبه‌ر هیچ چه‌كێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بونی نابێت
  2026-08-12     

عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ براد كوپه‌ر، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا-سێنتكۆم كۆبونه‌وه‌. له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا زه‌یدی جەختی كرده‌وه‌ که‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ هیچ بونێكی سه‌ربازیی بیانی له‌ عێراق نه‌ماوه‌ و هیچ چەکێکیش لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بونی نابێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، عه‌لی زه‌یدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی کرد لە ئه‌دمیراڵ براد كوپه‌ر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا-سێنتكۆم.

لە كۆبونه‌وه‌ی نێوانیادا، زەیدی جەختی کردەوە لەسەر پابەندبون بەو خشتەی کاته‌ی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و تێیدا هاتوە ڕۆژی 30ی ئەیلولی داهاتو وادەیەکی نەگۆڕ و کۆتاییه‌ بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و تەواوکردنی چونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپه‌یمانان.

سەرۆک وەزیران ڕونی کردەوە کە 1ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتو ڕۆژێکی نوێ دەبێت لە ڕێڕەوی دەوڵەتی عێراقدا، بەو پێیەی عێراق هیچ بونێكی سه‌ربازیی بیانی تێدا نابێت و سەروەریی نیشتمانیی خۆی لەسەر خاکەکەی تەواو دەکات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە بونیادنانی توانا ئەمنی و سەربازییەکانی بەشێوەیەک کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بەخۆی بپارێزێت.

زه‌یدی، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ عێراق هیچ چەکێکیش لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بونی نابێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سه‌رۆك وه‌زیران داوای پابەندبونی بە پرەنسیپەکانی دەستور و ئەو نەگۆڕانەوه‌‌ كرد کە دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە له‌گه‌ڵ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و ئاڕاستەکردنی تواناکانی ڕۆڵەکانی گەل بەرەو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە هەوڵی تەواوی ڕۆڵەکانیەتی بۆ بونیاتنانی ئابورییەکی بەهێز و دەوڵەتێکی سەقامگیر و داهاتویەکی باشتر بۆ نەوەکانی دواتر.

زه‌یدی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتنه‌وه‌ی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی یاسا، هەموان دەپارێزێت و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەرییەکەی بەهێزتر دەکات، هەروەها ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەردەکات و مەرجێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەپێدان و بوژانەوە.

هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر ڕێککەوتنی تەواو و کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەپێی ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە کاتی سەردانەکەی زه‌یدی بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی تەموزی ڕابردودا و جەختیشیان کردەوە کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەگوازرێنەوە بەرەو هاوکاری و هاوبەشی لە بواری ئابوری و گەشەپێدان و ئەمنی، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری یەکتر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×