بۆچی دەگوترێ ئەم شیعرە جوانە؟
  2026-08-12       61       
قادر شیریی

خوێندنەوەیەک بۆ شیعرێکی قادر شیریی

ئەحمەدی مەلا

 بە بێ قسەکردن لەسەر زمان، قسەکردن لەسەر شیعر مومکین نییە. ئەی چۆن قسە لە بارەی زمانەوە بکەین؟ هەموو تاکێک لە ناو زمانەکەیدا دەردەکەوێت، هەندەی لە ناو ئەو زمانە دەرکەوتەی هەیە، هەندە لە دەرەوەی ئەم زمانە بوون نییە. تەنانەت مرۆڤ لە دەرەوەی زمان کوێر دەبێتەوە. من هەر هەندەی زمانەکەم لە دنیا تێدەگەم، سنووری زمانەکەم سنووری جیهانە وەک ئەوەی لودڤیگ ڤیتگیتشتاین ئاماژەی بۆ دەکات.

ئایا هەموومان وەکو یەک دەق دەخوێنینەوە؟ ئەمەش لقێکی هەمان ئەو پرسیارەی سەرەوەیە. زمان تەنها لە وشە پێکنەهاتووە وەک ڤالێری دەیگوت، بەڵکو لەو تۆڕە پێکهاتووە کە وشەکان لە ناو رایەڵی مانا و جیاوازییەکاندا وێنا دەکات. "من" هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر نەزانین ئەو "من" کێیە، چۆن دەدوێ، چۆن خۆی لە کۆنتێکستدا ئاشکرا دەکات.

زمان دەیەوێ دنیا رێکبخات و شتەکان لە شوێنی خۆیان دابنێ، رەنگەکان لە یەک جیا بکاتەوە، دواجار مانا بداتە بە دنیا، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەقڵانییتر هەڵسوکەوت بکات و خۆی رێکبخات و بە مانا یۆنانییەکەی سیاسەت بکات. هەر زمانە کاتمان بۆ دیاریی دەکات. رەنگە کات بۆ مێشێک بوونی نەبێت!

ئەم باسە، هەم فەلسەفییە، هەم بوونگەراییە، هەم شیعرییە. ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت، هەوڵ دەدەین لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان شیعر و زمان بگەین. ئەگەر زمان بیەوێت دنیا رێکبخات، باشە شیعر چی لە دنیا دەوێ؟ شیعر هەوڵدەدات سەرلەنوێ بنیاتی بنێتەوە، بەو جۆرەی کە شاعیر دەیەوێت، بەوجۆرەی کە زمان بواری دەداتێ. شیعر دەکەوێتە ئەو سنوورەی کە ئیدی بستێک ئەولاتر هیچ نامێنێت. واتە، لە نێوان چەقبەستنی مانا و فەوزا دا هەڵدەکات. ئەم هاوسەنگییە گرنگە، فەزای هەموو هونەرێکە.

قادر شیریی دەمێکە شیعر دەنووسێت، بەڵام، رەنگە هەموو نەیناسین. رێککەوت وایخواست گوێ لە شیعری " لە قوڵایی سەرخەوێکدا شینایی هەڵترووشکاوە"م گوێ لێ بێت، دواتر هەر خودی شاعیر دەقەکەی بۆ ناردم بۆ ئەوەی هەم وردتر بیخوێنمەوە، هەر دوو قسەم لەسەری هەبێت.

ئەم شیعرە لە ناوەندی ئەو هاوسەنگییەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدا هەڵیکردووە. هەر دەڵێی خودی ژیانە، واتە لەسەر لاسکێکی باریک هەڵیکردووە، بەڵام پڕیەتی لە ژیان. وەک ئەو تاڵە گیایەی کە لە درزی چەمەنتۆیەکەوە، لە لا شۆستەیەکەوە سەری دەرهێناوە، ماشین و ئوتومبێل و دوکەڵی دنیا لە دەوریدان، کەچی ئەو سەوز دەچێتەوە. لە نێو دڵڕەقی بوونی تەکنەلۆژیا، ژیان بەردەوامە، گیایەک، هەموو ئیشی ئەوەیە سەر دردبێنێ. چ ناوێک لەمە بنێن ؟ شۆپنهاوەر بە ئیرادەی ژیان ناوی دەبات.

"ماڵمان لە ئێوارەیە و تۆ بە زەردەپەڕ چاو دەڕێژی"

ئەمە وێنەی یەکەمی شیعرەکەیە. "ماڵ : شوێن"، "مان : هی ئێمە" شوێنێکی دەستەجەمعییە، بەڵام هەڕەمەکی نییە، چونکە "ماڵ" شوێنێکی گشتی نییە، هی دەستەیەکی تایبەتە، سەمیمییە، گەرموگوڕە، شوێنی چڕبوونەوەی ژیانە. دەشێت ماڵ هەموو شوێنێک بێت، بەڵام هەموو شوێنێک ماڵ نییە.

بەڵام، خودی ئەم چڕبوونەوەی ژیانە کەوتۆتە ناو کاتەوە، لە ناو ئێوارەدایە. چ کاتێک هەندەی ئێوارە تەمەنکورت و ناسکە؟ ئێوارە هەموو پنتە دژ بەیەکەکانی لە خۆی کۆکردۆتەوە. واتە، ماڵێکە تەنها لەو کاتە ناسکەدا توانای ژیانی هەیە، پێشتر، پاشنیوەڕۆیە، پاشتر شەوە. وەک ئەو بەردە خڕەیە کە لەسەر گابەردێکی خڕ داندرا بێ. بەرامبەر بە "ئێمە"، "تۆ" پەیدا دەبێ، هەڵبەتە رەگەزێکی مێینەیە کە بە زەردەپەڕ چاو دەڕێژێ" "زەردەپەڕ"یش ئەو کاتە ناسکەیە کە تەمەنێکی کورتی هەیە، ئاوێتەی ئێوارەیە. لە چەند لەحزەیەک هەموو شتێک کۆتایی دێت. جوانییەکی درامی، تەنانەت تراژیدییە. ئەدی چی بکرێت بەرامبەر بە تروسکاییە کورتخایەنە؟ ئایا ئەمە پاساوێک نییە بۆ ئەوەی شیعر جیگەی دنیا بگرێتەوە؟

"زریکەیەک لە گەرووتدا

لەنگەری خستووە

بێدەنگییەک لە چاوت چرۆ

ئۆخژنێک لە سنگت پەلامار

ترسێک لە منا مەیی

لە رەنگی جووتبوونی

دوو گەڵا پەمەیی

پەمەیی ئەم شیعرە

لەبەرکە

بە رووتی شەپۆلێک تاو

بدەو و بۆ ئەو دیووی

گەیووی ئەم شیعرە

سەفەر کە

من لەوێم چاوەڕێ

رێ لە چاو بمێنە

هەر دەگەین

سەفەر نامان بڕێ هێند

نەرمین

خۆر نامان باتەوە هێند

گەرمین

ئەزانی ئێمە چین؟!

دوو گەرووی یەک دەنگین

پڕزۆڵەی برینی بەجێماوی

رۆحین

ماندووبوون لە ئێما

وەستاوە

راوەستاو لە ئێما ماندوو..."

هەموو تراژیدیایەک ئاماژەیەکە بۆ مەرگ. هەموو مەرگێک پرسیارێکە. هەموو پرسیارێکیش راچەنینێکە بۆ ئەوەی بژین.

گواستنەوەیەک روو دەدات، واتە، لە دۆخی لەرزۆکییەوە بۆ جێگیربوون، لە راگوزەرییەوە بۆ رەگداکوتان، لە ئاوابوونەوە بەرەوە هەڵاتن.

بانگەشەی "ئێوارە" و "زەردەپەڕ" بۆ ئاوێتەبوون، "من" و "تۆ" لە یەک بۆتە کۆدەکاتەوە، دەخرێتە دەفری شیعرەوە. وەک بڵێی ژیانی بزێۆ و ناسەقامگیر تەنها لە ناو هونەر جێی دەبێتەوە و هاوسەنگی خۆی دەسگیر دەبێت. دیالۆگی "من" و "تۆ" ماوەکان کورت دەکاتەوە و ژیان تیایا چرۆ دەکات. شیعر دەبێ بەو پانتاییەی کە شاعیر بانگەشەی ئەوی دی دەکات بۆ ئەوەی بیکەن بە شوێنی نیشتەجێبوون. راستە ئەم خواستە، خوازە و مەجازێکە، تەنانەت پردێکە بۆ ئەوەی ژیانی راستەقینە و بەرجەستە بە هونەرەوە گرێ بدرێت. دەرگەکانی "ئەگەر" بەرەو رووی ژیان دەکرێنەوە. ژیان هەموو مافەکانی دەستدەکەوێتەوە و وەکو ئەو تاڵە گیایەی کە لە ژێر چەمنتۆکەوە سەردەردێنێت.

"بهێڵە تەنیایی پڕم کات لە گەرا"

ژیان ئەو رووبەرە پڕ گێچەڵەیە کە هەدادان ناناسێت. ژیان ئەو قۆرتەیە کە لە ساتەوەختێکدا مرۆڤ هەستدەکات فرێ دراوتە ناوێ، ئەو تەنیاییەیە کە وەک ئینجانەیەک دەبێ پڕ بکرێت لە ژیان.

لە ئاوێتەبوونەوە بەرەو تەنیایی، لە تەنیاییەوە بەرەوە فەڕ و بەرەکەتی...ئەمە ئەو ئەڵقانەیە کە زنجیری ژیانی لێ پێکدێت. چیدی شیعر نامەیەک نییە تاکو دولبەری پێ ئاشت بکرێتەوە، یا لە تاو دووریی ببێتە گریانێکی بەردەوام. بەڵکو شیعر بیچمی ژیان وەردەگرێت نەک بیچمی واقیع.

لە ئەریستۆوە تاکو ئەمڕۆ، دوو هەزار ساڵ زیاتر باسی شیعر دەکرێ، راڤەدەکرێت و پێناسەی نوێی بۆ دەکرێت، تاوتوێ دەکرێتەوە و دواجار شیعر هەر ئەو پێکهاتەیە کە خۆی لە زمان دەدزێتەوە.

نەک ئەو زمانەی مامۆستایانی رێزمان و رێنووس باسی دەکەن، بەڵکو ئەو وڵەیەیە کە لە رەحمی زمانی یەکەمەوە پەیدا دەبێت. راستە کەرەسەی یەکەمی هەموو شیعرێک زمانە، بەڵام، پێش ئەوەی لە زماندا بەرجەستە بێت پەیوەندییەکە لەگەڵ ژیان، لەگەڵ بوون و لەگەڵ هەبووەکان.

هیچ ئاوەزێک ناتوانێت رایەڵەکان پێکەوە گرێ بدات ئەگەر لە ئاوی شیعر هەڵنەکێشرا بێت، ئاوی شیعر گڕاوێکە لە شێتی.

شیعر لە خمخانە هەڵدەکێشرێت، هەم شینە هەم بۆ شینە.

"خەتێکم لاوەلاو لە شێتی

گومەزی ئەولاکەت

بەرسیلەی گزنگە

دەڕژێتە رووباری حەریری

ئەم شێعرە شین پۆشە."

قادر شیریی، دەزانێت ئەم دنیایە بە شیعر بنووسێتەوە، لە دەرگەی زمانی دایک دەدات بۆ ئەوەی زمانە راستەقینەکەی شیعر بانگهێشت بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×