د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
هەسارە شینەکەی ماڵی مرۆڤ، یەکێکە لە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر و تا ئێستا تەنیا شوێنە لەم گەردوونەدا ئاوەدان بێت و دانیشتوانەکەی دەتوانن بەئاسانی هەناسە بدەن و چالاکییەکانی و ژیان ئەنجامبدەن. گۆی زەوی هێندە گونجاوە بۆ ژیانکردن، کە مرۆڤ هەموو تەمەنی سوپاسگوزار بێت ئێشتا کەمە. هەر لە زووەوە مرۆڤ هەوڵیداوە زانیاری تەواو سەبارەت بە زەوی بەدەست بێنێت و زیاتر لەم هەسارەیە تێبگات، هەربۆیە هەوڵی داوە تیرە وچێوە و قەبارە و بارستایی و هتد بدۆزێتەوە(١). تەنانەت لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە بەوردی و زۆر زانستییانە هەوڵی تێگەیشتنی لە بەرگەهەوا و ئاسمانەکان و جووڵەکانی زەوی و ناخی زەوی داوەو تا ئەم ساتەش هەربەردەوامە و ڕۆژانە زانیاری زیاتر سەبارەت بە ناوەوە و دەرەوەی ئەم هەسارە ناوازەیە بەدەست دێنێت(٢).
یەکێک لەو سوودانەی گەشتەئاسمانییەکان پێشکەشی دەکەن وێنەگرتنی هەسارەکەیە لە ئاسمانەوە، یان لە سپەیسەوە (Space). ئەم دوو وێنەیەی سەرەوە، ئەوەی لای چەپ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٢ و یەکەم وێنەی بەناوبانگی زەوییە و لە لایەن گەردوونناسانی گەشتی ئەپۆڵۆ ١٧ وە وێنەگیراوە. ئەم وێنەیە لەلایەن گەردوونناسێک، کەشتیوانێکی گەردوونییەوە (Astronaut) لەنزیک مانگەوە چرکێندراوە. لە وێنەکەدا کیشوەرەکانی ئەفریکاو ئوسترالیا و جەمسەری بەستەڵەکی باشوور و هەورەکان بەڕوونی دیارن. هەرچی وێنەی لای ڕاست هەیە ئەوە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٦ لەلایەن گەردوونناسانی گەشتی ئاڕتێمس ٢ وە لەڕێگەی کامێرای زۆر پێشکەوتووترەوە چرکێندراوە و وێنەیەکی زۆر وردتر و کواڵیتی باشتر پیشان دەدات، کە زەریا و هەورەکان بە ڕوونتر پیشاندەدات(٣).
وێنەکان بە ڕوونی خڕیی زەوی پیشان دەدەن و سەدان وێنەی تر، کە لە ماوەی نزیکەی شەست ساڵی ڕابردوودا لەلایەن گەڕیدەکانی ئاسمانەوە چرکێندراون زۆر بە وردی ئەوە دەخەنە ڕوو، کە هەسارەی زەوی هەر وەک چۆن ئێمە لێرەوە مانگ دەبیبین (٢) ئاوا هەسارەی زەویش لە دوورەوە خڕ دەردەکەوێت و ئیتر پێویست بە دەیان بەڵگەی تری زانستی وەک هێزی کێشکردن و هێڵی ئاسۆ وهتد. ناکات کە ئەوە بسەلمێنن.
لە ڕووی ئاینیشەوە لە قورئانی پیرۆزدا و لە ئایەتی ٣٠ سورەتی النازعات هاتووە ﴿وَالْأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا﴾ کە شێوەی زەوی هێلکەییە (٥،٤)، هەروەها لە ئایەتی ١٤ سورەتی الزمر، کە خوای گەورە دەفەرموێت ﴿يُكَوِّرُ اللَّيْلَ عَلَى النَّهَارِ وَيُكَوِّرُ النَّهَارَ عَلَى اللَّيْلِ﴾ واتە شەو بەدوای ڕۆژ و ڕۆژیش بەدوای شەودا دێنێت و پڕۆفیسۆری زەویناس و بانگخواز د. زەغلول النجار (١٩٣٣-٢٠٢٥) بە ڕوونی ئەم ئایەتانە و چەندین ئایەتی تر لێکدەداتەوە و وەک بەڵگەی زانستی لە نووسینەکانیدا ئاماژەی پێداون، کە خڕیی زەوی دەسەلمێێنن (٦، ٧).
بێگومان تا ئەم کاتەش کەسانێک هەن، کە هەر سوورن لەسەر ئەو ڕایەی گوایە هەسارەی زەوی تەختە، کە ئەمە پێچەوانەی هەموو دیاردە و یاسا گەردوونییەکانە! پێم وایە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک لێکدانەوە و بۆچوونی کەسیی کە نازانستییانەن و دوورن لە زانستە گەردوونییەکان. دروستە بەشێکی گەورەی سەر ڕووی زەوی تەختە و دەشتی واهەیە لە ئەمریکا و چین هێندەی ڕووبەری باشووری کوردستان تەنیا یەک دەشتە، کەواتە بەڵی زەوی هێندەی تەختایی هەیە، کە گونجاو بێت بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە، کە هەسارەکە شێوەی پارچە تەختەیەک تەختە و شێوە گۆیی نییە. بێگومان ئەگەر سەر ڕووی زەوی هەمووی وەک لوتکەکانی هەڵگورد و هیمالایا و پیرەمەگروون و ئاڕاڕات و قەندیل بوایە، ئەوکات مرۆڤ لەکوێدا کشتوکاڵی بکردایە و بژێوی ژیانی دابین بکردایە!
سەرچاوەکان:
١-ئیبراهیم محهمهد جهزا محێدین ،٢٠٢٤، زەویناسی و کۆمەڵ، بەرگی دووەم، چاپخانهى وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، كوردستان، ١٩٥ل.
٢-ئیبراهیم محهمهد جهزا محێدین ،٢٠٢٤، بنهماكانى زهویناسى، دووەم چاپ، چاپخانهى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، ٤١٣ل.
3-https://www.instagram.com/reel/DWsTy2JE5mM/?utm_source=popular_topic_grid&hl=en
٤- بورهان محەمەد ئەمین، تەفسیری ئاسان، چاپی چوارەم، ٦٠٤ل.
٥-زغلول النجار، ٢٠٠٨، من آيات الإعجاز العلمي في القرآن الكريم، مكتبه الشروق الدولية، القاهرة، الطبعة ١٠،الجزء ٣، ٩٩ص.
٦-زغلول النجار، ٢٠٠٨، من آيات الإعجاز العلمي في القرآن الكريم، مكتبه الشروق الدولية، القاهرة، الطبعة ١٢،الجزء ٢، ٧٧ص.
٧-زغلول النجار، ٢٠٠٨، من آيات الإعجاز العلمي في القرآن الكريم، مكتبه الشروق الدولية، القاهرة، الطبعة ١٣،الجزء ١، ٩٥ص.