
ئاسۆ یاسین
نیشتمان ئەکەم بە حەوت جانتاو ئەیدەم بەکۆڵمدا.
سەریشم ھەڵدەگرم لە نێو حەوتەم جانتادا.
یادگارێکانم گڵۆڵ دەکەمەوە
وەک کڵافی گۆی زەوی.
لە دۆڵی خەرندا غلۆلی دەکەمەوە .
تا دەگاتە تەمەنی منداڵیم.
نیشتمان دەکەمە خانوە کۆنە ١٢٥ مەترێکەم دەفرۆشم و
نەفرەت لەکڵۆڵی خۆم دەکەمەوە
ئای نیشتیمان چەندە دوو رووی
جاران کیڤارە وئێستا کیم کارداشیان.
ئێستا کونجی زیندان و جاران ئاشیان.
جاران ئەسپێکی رەش و پڕ حێلە
نەمزانی جگە لە سوزانیەک ھیچ تر نییت نیشتیمان
شەوێک لە باوەشی قەرداشە و شەوێک لە باوەشی عەمی خەڵەف
شەوێکیش باوەشی شاە ئیسماعیلە
نیشتیمان تۆ ھەمو شتێک بوی
تەنھا دایک باوک نەبێ
ھەمو شتێک بوی
تەنھا حەیران لاوک نەبێ
ئای نیشتیمان چەند خۆ ویستی
تۆ نازانی و نەتزانی و نەتزانی چەندینبار
ھەناسەم ھەڵکێشا خەڵۆز ئاسا
پڕ لە ژیلەمۆ
کەچی تۆش سارد و سڕ و
بێ ھەست و دەستەمۆ
پەنجاو سێ ساڵ رەنجو کۆشش و قوربانی من
کەچی جارێک نەبو تۆ سارێژ بکەی دەرد و ژانی من
پەنجاو سی بەھار لە چاوەڕوانی گوڵ خونچەیەک
کەچی ھەر نەیکرد و نەیکرد چرۆ
نازانم نیشتیمان چون توانیت خۆت جوان بکەی ئەوھا بە درۆ
ئای نیشتیمان چەند بێ بەزەیت
گەر شنەی شەماڵ بایت
یان سروەی بەیان
بۆ من شێتم وابە چێت ئەھێڵم.
نەتکەم بە سبولی سەر سینەم
یا بینای دیدەم وسۆمای چاوم
لەناو دڵمدا تا ھەمیشە نەتھێڵم
ئای نیشتیمان گەر سێبەرە دارێک .
یان سەکۆی سەرێگاێک.. بایت
بۆ منی ھەردەم رێبوار
دڵم ئەھات کۆچ و رەو بکەم
گەر سپێدەێکی پڕ ھیوا و پرشنگدار بایت
چۆن لە دڵم ئەھات لە دەستی تۆ دەوبکەم
ئای نیشتیمان گەر چی سوزانیت و خۆ ویستی
گەرچی دوورویت و بێ بەزەیت و
منت ناوێت
چی بکەم منی داماو سەرلێشێواو
کەرکەر ھەمیشە خۆشم ئەوێیت