عەبدوڵڵا گول، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا لە نووسینگەی خۆی لە ئەیازاغای ئیستانبوڵ
ئا: ئاوێنە
پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا گول یەکێکە لەو کەسایەتییە گرنگانەی کە سەرکردایەتی دامەزراندنی حیزبەکەی کردووە.
گول لەماوەی خولی یەکەمی حکومەتی ئاکەپەدا نزیکەی چوار مانگ وەک سەرۆک وەزیران کاری کردووە، ئەمەش بەهۆی قەدەغەکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسیاسەتدا.
دواتر وەک وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆمار کاری کردووە.
گول کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە چالاکانە بەشداری سیاسەتی نەکردووە، لەئۆفیسی خۆی لەئەیازاغای ئیستانبوڵ چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) بۆ بی بی سی دەگێڕێتەوە.
سەرەتا فەزیلەت بوو...
گولو سەرکردەکانی ئاکەپە، کە سەرەتا لەناو پارتی فەزیلەتدا دەستیان پێکرد، زۆری نەخایاند ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە دابەشبوونی ناو پارتی فەزیلەت سەبارەت بە"عەقڵیەت و دیدگا"و چۆنیەتی بیرۆکەی پێکهێنانی پارتێکی نوێ بوو.
گول وتی "زۆر ماندوو بووین بۆ پێکهێنانی ئاکەپە، بەو پلانە بەپەلەیەی کە ئامادەمان کردبوو، هەموو ئەو کارانەی کە ئەگەر هاتینە سەر دەسەڵات بیکەین ئامادە بوو".
گول هەروەها ڕووداوەکانی دەوروبەری بڕیارنامەی ١ی ئازاری گێڕایەوە، کە دەکرێت بە یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی پارتەکە هەژمار بکرێت.
گول ڕایگەیاند کە نایەوێت لێدوان لەسەر مشتومڕە سیاسییەکانی ئەم دواییە بدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش مێژووی پارتەکەی بەسەر دوو قۆناغدا دابەشکردووەو وتی "لە ماوەی خولی دووەمدا ڕووداوی نائاسایی وەک هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز لەتورکیادا ڕوویدا، هیوادارم ئێستا هەموو ئەم زەبرو زەنگانە، کۆیاییان پێبێتو جارێکی دیکە تورکیا لە چوارچێوەی ئەو دیدگایەدا بەڕێوەبچێت کە ئاکەپە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا ڕایگەیاندبوو".

نەجمەتین ئەرباکان، دامەزرێنەری بزووتنەوەی میللی گۆروش، لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ١٩٩٤
چی بووە هۆی دابەشبوونی ناو پارتی فەزیلەت؟
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ڕەگ و ڕیشەی لە بزووتنەوەی دیدگای نیشتمانی (میلی گۆروش)دایە.
پارتی رەفا (RP) کە لەم نەریتە سەرچاوەی گرتووە، لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە پاساوی ئەوەی "کردارەکانی پێچەوانەی عەلمانییەتە" داخرا.
پارتی فەزیلەت (FP) کە لەبری پارتی رەفا (RP) دامەزرا، دیسان لەساڵی ١٩٩٩دا ڕووبەڕووی دۆسیەی داخستن بووەوە.
لەو چوارچێوەیەدا حیزب لە ١٤ی ئایاری ٢٠٠٠ کۆنگرەی خۆی بەست.
نەجمەتین ئەرباکان، دامەزرێنەرو سەرۆکی بزووتنەوەکە، ویستی ڕێکای کوتان ببێتە سەرۆکی بزووتنەوەکە.
بەڵام لەو ماوەیەدا دوو کوتلە لەناو حیزبدا سەریان هەڵدا کە بەڕیفۆرمخوازان و محافەزەکاران وەسف کران.
عەبدوڵڵا گول دەڵێت "ئەو کاتە خەڵک پێیان دەگوتین 'ریفۆرمخواز'"و برا گەورەکانمان کە کەمێک زیاتر ئاڕاستەی دۆخی ئێستا بوون و لە بیرکردنەوەکانیاندا نەریتی بوون، ناوی 'محافەزەکارەکان'یان لێنرا".
گول جیاوازی نێوان ئەم دوو ئاڕاستەیە بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە "لەم پڕۆسەیەدا دەستمان کرد بەداکۆکیکردن لەگۆڕانکاری لەسیاسەتەکانی حیزب، بۆ ئەوەی حیزب مۆدێرنتر بێت، زیاتر تێگەیشتوو بێت، دووربکەوێتەوە لەڕیتۆریک و وێنای ئایدیۆلۆژی، هەڵوێستێک بگرێتەبەر کە دیموکراسی و سەروەری یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لەپێشینەی کارەکانیدا بێت و لەڕێگەی کردارەکانیەوە متمانە بەخەڵک ببەخشێت. بێگومان ئەو کاتە زۆربەمان گەنج بووین. بەڵام ئەوە پرسی گەنج و پیر نییە، ئەوەی گرنگە بیرکردنەوەو دیدگایە".
ئەمە یەکەمجار بوو خەباتێکی دیموکراسی و وا ئاشکرا و ڕاستگۆیانە لە حزبێکی لەم شێوەیەدا ڕووبدات. لەکۆنگرەدا عەبدوڵڵا گول کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان بوو لە بەرامبەر ڕێکای کوتان کە کاندیدی محافەزەکاران بوو.
گول باس لەوە دەکات کە ئەمە یەکەمجارە پێشبڕکێیەکی لەو شێوەیە لەناو حیزبدا ڕووبدات و ئەمەش ڕووداوێکی زۆر بەرچاوە، ئەو دەڵێت "هەندێک کەسی دەرەکی بەئێمە دەڵێن حزبی ئیسلامی، بەڵام ئێمە هەرگیز خۆمان بەو شێوەیە وەسف نەکردووە".
دەشڵێت "بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەو نازناوەمان پێدراوە، چونکە ئێمە حزبێکین کە زۆرینەی کەسانی ئاینی، یان کەسانێکین کە گرنگییەکی زۆر بەبابەتە ئاینییەکان دەدەن، کۆدەبینەوە و هەمیشە هەوڵدەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەئازادیی ئایینی، سیاسەتەکانیشمان بەو شێوەیە سەیر دەکرێن.
کوتان لەو کۆنفرانسەدا بە جیاوازی ١١٢ دەنگ هەڵبژاردنەکەی بردەوە.
بە گوتەی گول، ڕۆژی دواتر، ڕۆژنامەکان بە لێدوانی وەک "لە ڕووی ژمێریارییەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دۆڕان، لێدوانیان لەسەر محافەزەکاران دا".
کاتێک پارتی فەزیلەت (FP) لە ساڵی ٢٠٠١ داخرا، محافەزەکاران ماڵی خۆیان لەپارتی بەختەوەر (SP) دۆزیەوە کە وەک درێژەپێدەری FP دامەزرا.

٢٥ی ئازاری ١٩٩٩ لە مەراسیمی کردنەوەی میترۆی ئەستەنبوڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گول پێکەوە دەردەکەون. ئەردۆغان دوای یەک ڕۆژ لە گرتنی ئەم وێنەیە زیندانی کرا
ریفۆرمخوازەکان "ئاکەپە"یان دامەزراند
ڕیفۆرمخوازەکان بەسەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەسایەتییەکانی وەک عەبدوڵڵا گول و بولێنت ئارنچ و عەبدوللەتیف شەنەر دەستیان بەئامادەکاریی کرد بۆ پێکهێنانی پارتێکی نوێ.
گول دەڵێت "'ئەو کاتە زۆر کاری زۆرمان بۆ ئاکەپە کردو تا ئێستاش بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئاکەپە زۆر بەنرخ دەزانم'.
عەبدوڵڵا گول جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە پڕۆسەی ئامادەکاری بۆ پارتی نوێدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەندین کەسی جیاواز ئەنجامداوە.
بە تایبەتی ئاماژە بەکارەکانی سەنتەری توێژینەوەی سیاسەت (PAM) کە سەرۆکایەتی دەکرد و سەنتەری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ئەنقەرە (ANAR) کە لەلایەن بێشیر ئەتالایەوە دامەزراوە، لەو ڕۆژانەدا دەکات.
ئاماژە بەوەش دەکات "کاتێک دێینە سەر دەسەڵات چی دەکەین؟ ئێمە کاری زۆر جددیمان لەسەر ئەوە کردووە، ئەو کاتە ئەمەمان وەک پلانی کارکردنی فریاگوزاری ڕاگەیاند".
گول دەڵێت "لە (ANAR) لیژنەیەکمان هەبوو، بە سەرۆکایەتی بێشیر، پێکهاتبوو لەکۆمەڵێک هاوڕێی ڕێکخراوی پلاندانان کە ئێمە دەمانناسی و بۆچوونەکانیان لەگەڵ بۆچوونەکانی ئێمەدا هاوتەریب بوو. زۆربەی ئەو هاوڕێیانە کەسانێکن کە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان زۆر بە باشی دەناسن و لە پشت پەردەوە بوون لەو داڕشتنەوەی ئابوورییەی کە لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکەی پێش ئێمەدا لەلایەن کەمال دەروێشەوە سەرپەرشتی کرا. "هەندێک لەهاوڕێ ئەکادیمییە بەنرخەکانمان لە دەرەوەی وڵاتیش بەشدارییان کرد. هەروەها ناوبەناو بەشداریمان دەکرد و کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە 'ئەگەر هاتینە سەر دەسەڵات لەپێنج ساڵدا چی دەکەین؟ چۆن تورکیا دەگۆڕین؟"
دەشڵێت "ئێمە لەهەموو ئەو بابەتانەمان کۆڵییەوە، لەبابەتە یاسایی و سیاسی و ئابووری و داراییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بابەتی تەندروستی، کاتێک چووینە ناو هەڵبژاردنیش بەرنامەیەکمان بەدەستەوە بوو، لەو سەردەمەدا زۆر بە باشی ئاکەپەمان هەڵسەنگاندبوو".
گول ڕوونی دەکاتەوە کە گرنگییەکی زۆر بەبەڵگەنامەکانی حیزب لەو سەردەمە دەداتو دەڵێت "هیچ یەکێک لەبەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئاکەپە بەڵگەنامە نین کە بە سادەیی لەلایەن یەک کەس لە ئێمەوە نووسرا بن. ئێمە سیمینارو کۆبوونەوەو گفتوگۆو ۆرک شۆپمان لەسەر ئەم بابەتانە ئەنجامداو هەموو ئەم بەڵگەنامانە لەئەنجامی ئەو ئەزموونانەدا نووسراون. هەر بۆیە هێشتا بەهایەکی زۆر بە بەڵگەنامەکانی دامەزراندن و مانیفێست و بەرنامەی ئاکەپە دەدەم و ڕاشکاوانە بڵێم باوەڕم وایە هەموویان بۆ داهاتوویەکی زۆر درێژتر لەگەڵ تورکیا دەدوێن".

عەبدوڵڵا گول، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوللەتیف شەنەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە 23ی ئابی 2001
ئایا جیابوونەوە لە میلی گۆرۆش ڕوویداوە؟
ژمارەیەکی بەرچاو لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ڕەگ و ڕیشەیان لە بزووتنەوەی دیدگای نیشتمانی (میلی گۆروش)دا هەبووە.
ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٣ کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، وتی "جلوبەرگی دیدگای نیشتمانی (میلی گۆرۆش)مان داکەندووە".
بەڵام پەیوەندییەکانی پارتە نوێکە بەهێڵی دیدگای نیشتیمانی (میلی گۆروش) چ لەڕووی ئایدۆلۆژیاو چ لەڕووی سیاسەتی ئێستاوه، ساڵانێک بووه جێگه ی مشتومڕ.
گول دەڵێت "ئایدۆلۆجیای 'دیدگای نیشتمانی' (میلی گۆرۆش) کەی جل و بەرگی خۆی داکەند؟"، هۆشداری دەدات لە "هەڵە تێگەیشتن" بەهۆی ئەو زاراوەیەی کە بەکارهێنراوە.
پاشان ئایدۆلۆژیای دیدگای نیشتیمانی بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە "دروستکردنی متمانە بەخۆبوون، خاوەندارێتیکردن لەپرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، دوورکەوتنەوە لەلاساییکردنی کوێرانەی ڕۆژئاواو بەردەوام فراوانکردنی بازنەی ئازادییەکان لەتورکیا، کە مرۆڤەکان بتوانن بەو شێوەیە بژین کە خۆیان ئارەزووی دەکەن".
گول جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەجمەدین ئەرباکان وێڕای پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای دیدگای نیشتیمانی، "سوودمەند بوو لەو وانانەی کە هەم لە مێژووی تورکیا و هەم لەتەواوی مێژووی ئیسلام وەرگیراون، بۆیە ڕاشکاوانە بڵێم کاتێک ئێمە ئاکەپەمان دامەزراند، ئەوە حاڵەتێک نەبوو کە ئێمە هەموو ئەو شتانە ڕەت بکەینەوە، بەڵام ئەمانە پێویستە بەڕوونتر ڕوون بکرێنەوە، واتە هەم لەئاستی ناوخۆو هەم لەئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەکارهێنانی زاراوەی هاوبەش کە هەمووان دەتوانن لێی تێبگەن، ئەگەر بڵێین، ڕوون بکرێنەوە. ئەگەر تەنها لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە ئەم شتانە بخەیتەڕوو، مەحاڵە دەوڵەتێک یان کۆمەڵگایەک بەڕوانگەیەکی لەو شێوەیە بەڕێوەببەیت".
'ئێمە بە شێوەیەکی نەریتی لە پاشخانێکەوە نەهاتووین کە وشەی دیموکراسی زۆر بەکاربهێنین'.
لەو ماوەیەدا ئاکەپە شوناسێکی سیاسی نوێی بۆ خۆی پێناسە کردو لە بەرنامەکەیدا خستیە نێو بەرنامەی خۆیەوە: "دیموکراسی کۆنەپەرست".
عەبدوڵڵا گول دەڵێت "ئەمە ناوێک نییە کە بە ڕێکەوت لەلایەن کەسانی دیکەوە درابێت، ئەم ناوە لەلایەن ئەوانەوە هەڵبژێردرابێت".
کاتێک پرسیارمان لە گول کرد دەربارەی مانای ئەم چەمکە، سەرەتا تێگەیشتنی خۆی بۆ کۆنەپەرستی ڕوونکردەوە: "کۆنەپەرستی ئێمە بەو مانایە نییە کە ئاڕاستەی دۆخی ئێستا بکەین. ئێمە کۆمەڵگەیەک بووین کە بەها ئەخلاقییەکانمان بەنرخ دەزانی و کاتێک لە ڕوانگەی بیروباوەڕو جیهانبینی و نەریت و ڕوانگەی مێژوویی و شێوازی ژیانمانەوە سەیری دەکەیت، ئێمە کۆنەپەرست بووین، هەوڵمان دەدا بەپێی بیروباوەڕەکانمان بژین".
گول لە کاتی لێکدانەوەی دیموکراسیدا دەڵێت باشترین شێوەی حکومەتەو دەشڵێت "ناتوانیت پشتگوێی بخەیت، لە دونیای ئەمڕۆدا واقیع ئەوەیە دیموکراسی باشترین شێوەی حکومەتە، کەموکورتییەکانی بابەتێکی جیایە، بەڵام باشترین شێوەی حکومەتە. ڕاستگۆیانە ئێمە بە شێوەیەکی نەریتی لەهێڵێکی بیرکردنەوە نەهاتووین کە وشەی دیموکراسی زۆر بەکاربهێنێت. بەڵکو بەسادەیی دەمانگوت 'ئیرادەی نیشتمانی'، بەڵام زۆر جەختمان لەسەر دیموکراسی نەدەکردەوە."
دەشڵێت " بێگومان دیموکراسی تەنها هەڵبژاردن نییە، ئەوە چییە؟ پەیوەندی بەسەروەری یاساوە هەیە، پەیوەندی بەچییەوە هەیە؟ پەیوەندی بە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانەوە هەیە. پەیوەندی بەچییەوە هەیە؟ پەیوەندی بە حوکمڕانی باشەوە هەیە".
پەیوەندی دەرەکی پێش هاتنە سەر دەسەڵات
دوابەدوای پڕۆسەیەکی جەنجاڵی ئامادەکاری، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ١٤ی ئابی ٢٠٠١ دامەزرا.
هەر لەو ڕۆژەدا ئەردۆغان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
ئەو حیزبە تەنانەت پێش هاتنە سەر دەسەڵاتیش پەیوەندییەکانی لەڕۆژئاواوە دەست پێکرد.
عەبدوڵڵا گول ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە وەبیر دێنێتەوە "لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانماندا، دوو هاوڕێمان بە ناوەکانی عەلی باباجان و نازم ئەکرێن نارد بۆ نیویۆرک و لەندەن و داوام لێکردن بەرنامەکانمان بۆ هەموو بازنە داراییە نێودەوڵەتییەکانی ئەوێ ڕوون بکەنەوە".
لە قۆناغی دواتردا و وەک سەرۆکی پارتەکە، ئەردۆغان لەگەڵ چەندین کەسایەتی گرنگیش کۆبووەوە، لەوانە جۆرج بوش سەرۆکی ئەمریکا.

ئەردۆغان سەرۆکی ئەوکاتەی ئاکەپە دوای هەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢
ئەنجامی هەڵبژاردن 'سوپرایزێکی گەورە بوو'
لەو کاتەدا هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە پارتی چەپی دیموکرات (DSP)، پارتی دایکی نیشتمان (ANAP) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (MHP) پێکهاتبوو.
دوابەدوای بانگەوازە سەرسوڕهێنەرەکەی دەوڵەت باخچەلی لە ١٥ی تەمموزی ٢٠٠٢، تورکیا لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجامدا.
دەوڵەت باخچەلی، یەکێک بووە لەو بڕیاربەدەستانەی لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتیان لە تورکیا داڕشتووە.
ڕاپرسییەکانی بیروڕای گشتی سەرهەڵدانی ئەو پارتە نوێیەیان نیشان دا.
گول دەڵێت هێشتا ئەنجامەکان جێگەی سەرسوڕمانن: "بێگومان سەرکەوتنمان لەهەڵبژاردنەکاندا، و توانای پێکهێنانی حکومەتمان بەتەنیا، سەرسوڕهێنەرێکی گەورە بوو، چونکە پارتی نیشتمان، پارتی ڕێبازی ڕاستەقینە و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست نەیانتوانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنن، لەگەڵ ئێمە و پارتی گەلی کۆماری، سیستمێکی دوو حزبی دەستیپێکرد".
'کێ دەبێتە سەرۆکی حکومەت؟'
ئەردۆغان کە لە ساڵی ١٩٩٧ بەهۆی خوێندنەوەی شیعرێکەوە زیندانی کرابوو، لەسیاسەتکردن قەدەغە کرابوو، نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.
لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢دا، پەیامنێری بی بی سی، ڕۆبن دێنسێلۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ گول ئەنجامدا، کاتێک پرسیاری لێکرا "کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو؟"، زەردەخەنەی کردو وەڵامی دایەوە "یەکێک لەئێمە. بێگومان ئەوە کەسێکی حزبەکە دەبێت".
گول دوای هەڵبژاردن بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئاکەپە.
گول باس لەوە دەکات کە یەکەم بڕیاریان لە کاتی هاتنە سەرکاریدا، کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بووە لە ٣٨ بۆ ٢٣.
جگە لەوەش بیرمان دەخاتەوە کە باری نائاسایییان هەڵگرتووە: "هەموو ئەمانە پێشتر بۆ ئێمە نووسرابوون. دوای پێنج ساڵ، 78%ی ئەم پلانە بەپەلەیەمان جێبەجێکردو بەهەموو تورکیاو جیهانمان ڕامانگەیاند".
بڕیارنامەی ١ی ئازار: "سەرهەڵدانی ڕاستەقینەی ئاک پارتی بەم بڕیارە دەستی پێکرد"
ئاکەپە هەر لە یەکەم خولی دەسەڵاتی خۆیدا ڕووبەڕووی کارنامەی شەڕی عێراق بووەوە.
گول وەبیری دەهێنێتەوە کە بولەنت ئەجەڤیتیش لە کاتی پرۆسەی ڕادەستکردندا هۆشداری لەسەر ئەم بابەتە دا: "پێی وتم پێویستە وریا بم سەبارەت بەشەڕی عێراق. وتی بەردەوام ڕووبەڕووی فایتس ئەکۆمپلیس بوونەتەوە لەو کاتەدا. ئەمریکییەکان پێشتر دەستیان کردبوو بە ناردنی شتەکان بۆ عێراق لەڕێگەی ئێمەوە تەنانەت لەو کاتەشدا".
لەو کاتەی ئەمریکا داوای بەکارهێنانی خاکی تورکیای کرد لەشەڕی عێراقدا، هەستێکی بەرچاوی دژە شەڕ لەبیروڕای گشتی ئەو وڵاتەدا هەبوو.
ئەردۆغان سەرۆکی پارتەکە بانگەشەی بۆ پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە دەکرد کە ئەم مۆڵەتە بەسوپای ئەمریکا دەبەخشێت.
بەڵام هەندێک لەنوێنەری ئاکەپە هەبوون کە دژایەتی ئەو پێشنیازەیان دەکرد.
عەبدوڵڵا گول ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە وەبیر دێنێتەوە: "هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، کاتێک بی بی سی و سی ئێن ئێن هاتبوون، دەیانگوت گەلەکەت دژی شەڕە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا دەکەیت؟ واتە چۆن ئەم مۆڵەتە لەپەرلەمان وەربگرن؟' کاتێک پرسیاریان لێکردم، وتم: من نە ئەمیرم، نە سوڵتانم، نە پاشا، سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوم، بۆیە ئەمە دەهێنمە پەرلەمان".
گول ڕوونی دەکاتەوە کە لەڕۆژی دەنگدان پەرلەمانتارەکانیان ئازاد کردووە: "کاتێک هێنامانە ئەنجومەن، لەدوایین کۆبوونەوەماندا، بەڕاشکاوی بەئەندامانی پەرلەمانم گوت: ئەمە تەنها وەک کۆنگرەی ئەمریکایە'".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی وتم ئەوە بوو: من پابەندم، واژۆکەم لەسەرە، بەڵام تۆ بەپێی بیرکردنەوە و باوەڕت دەنگ بدە'".
لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا ٢٥٠ دەنگی نەخێر و ٢٦٤ دەنگی بەڵێ و ١٩ دەنگی بێ لایەن بووە.
ئەو پێشنیازە ڕەتکرایەوە، چونکە زۆرینەی سادەی پێویست کە ٢٦٧ دەنگ بوو، نەگەیشتە ئەنجام.
عەبدوڵڵا گول دەڵێت "بڕیارەکە دەردەخات کە تورکیە سەربەخۆیە، وڵاتێک نییە شوێنپێی وڵاتێکی دیکە بکەوێت. بەڕاستی ئەو ئێوارەیە، سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین پەیوەندی پێوەکردمو وتی: پێشبینیمان دەکرد تۆ لەگەڵ ئەو بڕیارەیت، بەڵام ئێوە نیشانی جیهانتان دا کە چ وڵاتێکی بەڕێزن'".
گول پێی وایە ئەم بڕیارنامەیە خاڵی وەرچەرخانە بۆ ئاکەپە بەهەمان شێوە: "ئەستێرەی ڕاستەقینەی سەرهەڵدان و درەوشاوەی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەوروپا و شەقامی عەرەبی و جیهانی ئیسلامیدا بەم بڕیارە دەستیپێکرد".

ئەردۆغان، لە 11ی ئازاری 2003 لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا بۆ سیرت بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، گول لە تەنیشتیەوە
'دەبێت دان بە بەشدارییەکانی جەهەپە و دەنیز بایکالدا بنێین'
لەدەوروبەری هەمان کاتدا ئاکەپە پێشنیاری هەموارکردنەوەی دەستووری ئامادەکرد کە ئامانج لێی هەڵگرتنی قەدەغەکردنی سیاسی ئەردۆغان بوو.
ئەم پێشنیازە لە ١٣ی کانوونی دووەمی ئەنجوومەنی نیشتمانیی تورکیا بە دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان و جەهەپە پەسەند کرا. ئەحمەد نەجدەت سێزەر سەرۆکی ئەوکات ڤیتۆی لەسەر بڕیارەکە کرد.
دوای ئەوەی بڕیارەکە گەڕێنرایەوە بۆ ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی، جارێکی دیکە بە ٤٣٧ دەنگ پەسەندکرا. ئەمجارە سێزەر واژۆی لەسەر هەموارکردنەکە کرد.
بەم شێوەیە قەدەغەی سیاسی ئەردۆغان هەڵگیرا. دەنیز بایکال سەرۆکی جەهەپە پشتگیری لە پاکێجەکە کردبوو.
گول لەکاتی وەسفکردنی ئەم پرۆسەیەدا دەڵێت "دەبێت دان بە ڕۆڵی پارتی گەلی کۆماریخواز (جەهەپە)و دەنیز بایکالدا بنێین. ئەگەر ئەوان پشتیوانی خۆیان نەدابایە ئەوە نەدەکرا".
لە ٩ی ئازاری ٢٠٠٣ هەڵبژاردن لە سیرت دووبارە کرایەوەو ئەردۆغان وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
"من دەڕۆم و تۆش وەرە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرە"
گول پرۆسەی ڕادەستکردنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەئەردۆغان دوای چوونە ناو پەرلەمان بەم شێوەیە باس دەکات: "ئەردۆغان بوو بە ئەندامی پەرلەمان، سوێندی خوارد. دوای ئەوە ڕاشکاوانە بڵێم، بەگونجاوم نەزانی، نە لە ڕووی ئەخلاقی سیاسی و نە لە ڕووی تێگەیشتنم لەئەخلاق، بەم شێوەیە بەردەوام بم. سەرباری ئەوەی کە پێشنیارەکان لەهەموو لایەکەوە، لەناوەوەو دەرەوە، دەیانووت 'تکایە بەردەوام بە'، ڕۆژێک، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت، بەبێ ئەوەی تەیب بەی بەهیچ شێوەیەک ئاگادار بێرت، چوومە ئۆفیسەکەیو وتم سەیرکە هاوڕێ، ئێستا پۆستەکەمان دەگۆڕین. ڕاستگۆیانە ئەوە شتێک بوو کە بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێی نەدەکرد سەرەتا وتی بۆچی پەلە دەکەیت؟ گوتم: نا، ئیتر ئەمە ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. وتم من دەست لەکار دەکێشمەوە، تۆ وەرە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرە".
گول لە 14ی ئازاردا پۆستی سەرۆکوەزیرانی ڕادەستی ئەردۆغان کرد.
بوو بە وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیران.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیرەکەی عەبدوڵڵا گول لە پەرلەمان. ١ی نیسانی ٢٠٠٣
"ئێمە شان بە شان وەستاین و کارمان دەکرد"
گول باس لەوە دەکات کە لە ماوەی سەرۆکوەزیرانی ئەردۆغاندا زۆر لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ ئەردۆغان کردووە: "لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا بێ گومان تێگەیشتنێکی باشترم لەسیاسەتە گشتییە نیشتمانییەکان و سیاسەتی دەرەوە هەبوو. چونکە لەو کاتەدا تەیب بەی تەنیا ئەزموونی وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەبوو. لەڕاستیدا من خۆم کابینەکەم پێکهێنا و پێشنیارەکانم کرد، تەیب بەی تەنها یەک پێشنیاری پێشکەش کرد، دواتر خۆی ئەو پێشنیارەی گۆڕی کە بوو بەسەرۆک وەزیران، بۆیە ئەو پێکهاتە و بەرنامەی حکومەت کە من پێکمهێنا بە هەمان شێوە بەردەوام بوو. ئێمە بەردەوام بووین وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت. شان بە شانی یەکتر وەستاین و کارمان کرد".
کاتێک ئەردۆغان پۆستی سەرۆکوەزیرانی گرتە ئەستۆ، بە "براکەم" قسەی لەگەڵ گول کرد.
دوای چەند ساڵێک، گول بەهەمان شێوە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
گول لە ساڵی 2007 پارتەکەی بەجێهێشت و خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کرد.
دوای جێهێشتنی ئەم پۆستە لە ساڵی ٢٠١٤دا نەگەڕایەوە بۆ چالاکی سیاسی.
"هیوادارم ئاکەپە بگەڕێتەوە بۆ دیدگاکانی سەرەتای"
بەشێک لەناڕەحەتیەکانی عەبدوڵڵا گول لەکاتی پڕۆسەی جێهێشتنی پۆستی سەرۆکایەتیدا، جار جار لە ڕۆژنامەکاندا باس دەکرا.
بەدرێژایی ساڵان، گول ڕەخنەی جۆراوجۆریشی لەدژی حکومەت و ئاکەپە گرتووە.
یەکێک لەخاڵە هەرە دیارەکان بۆچوونی ئەو بوو کە گواستنەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی هەڵە بووە و بەرگری لە سیستەمی پەرلەمانی کردووە.
گول ڕایگەیاند کە لە کاتی پلاندانان بۆ چاوپێکەوتنەکەماندا نایەوێت لێدوان لەسەر مشتومڕە سیاسییەکانی ئەم دواییە بدات.
بەڵام گول ڕایگەیاند کە حیزب دابەش بووە بەسەر دوو قۆناغدا، جەختی لەسەر دیدگای قۆناغی یەکەم کردەوە: "لەو ماوەیەدا کە من بە'دووەم' ناوی دەبەم، شتگەلێکی نائاسایی لەتورکیا ڕوویاندا. یەکەم، هەوڵی کودەتای خیانەتکارانە هەبوو. بێگومان ئەمەش زەبرێکی گەورەی لەناو تورکیادا بەدوای خۆیدا هێنا. زۆر شت، زۆرێک لەو چاکسازییانەی کە جێبەجێمان کردبوو، بەناچاری بەرەو دواوە گەڕانەوە".
دەشڵێت "هیوادارم لەئێستادا هەموو ئەم زەبرو زەنگانە، هەموو ئەم شتانە تێپەڕێنرێت و تورکیا جارێکی دیکە لەچوارچێوەی ئەو دیدگایەدا بەڕێوەبچێت کە ئاکەپە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا ڕایگەیاندووە. من پێموایە دیدگای ئەم ڕێکخراوە تا ئەمڕۆش بۆ تورکیا پەیوەندیدارە. ئەگەر ئاکەپە جارێکی دیکە ئەو دیدگایە لەباوەش بگرێتەوە، پێموایە لەڕووی ئابووری و دیموکراسی و یاساوە سوودێکی زۆر بەتورکیاو داهاتووی تورکیا دەگەیەنێت".
سەرچاوە: بی بی سی