وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابینکراوە و هیچ مەبەست و پلانێک نییە بۆ ئەوەی 45 ڕۆژ جارێک دابەش بکرێت ئەوەشی خستەڕوو کە کار لەسەر بەرزکردنەوەی مووچەی پلە نزمەکان.
ئاوێنە: فالح ساری، وەزیری دارایی لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕان ڕایگەیاند، مانگانە نزیکەی حەوت تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرێت.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتەکەی کاری لەسەر بەرزکردنەوەی مووچەی پلە نزمەکان دەکات.
وەزیری دارایی وتی: “وەزارەتەکە بۆی دەرکەوتووە کە قەبارەیەکی زۆر لە هەڵاوسانی تێچوونەکاندا هەیە و کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم هەڵاوسانە و کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی کارامەیی بەکارهێنانی سەرچاوە دارایییەکان دەکات”.
لەبارەی دۆسیەی باجیش، فالح ساری ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی نزیکەی 3800 باجدەری گەورەی کردووەتە ئامانج لە کاتێکدا تەنها نزیکەی 1300 باجدەر پابەندی پارەدانن.
ڕوونی کردەوە کە باجدەرەکان بە دوو بەش دابەش کراون و کارکردن لەسەر فراوانکردنی بنەمای باج بە پشتبەستن بە ژمارەی باج بەردەوامە.
لەبارەی قەرز و پێداویستییە دارایییەکانیشەوە، فالح ساری وتی وەزارەتی دارایی نزیکەی 20 تریلیۆن دیناری لای لایەنەکانی ترەوە و وەزارەتی دارایی کاری لەسەر ڕێکخستن و چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دەکات.
لەبارەی هەناردەکردنی نەوتیش، فالح ساری ئاشکرای کرد کە بۆرییەکی سعودی ـ کویتی هەیە کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت و توانای گواستنەوەی تا دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا و دەکرێت عێراقیش بەشداری تێدا بکات.