فەرمانگەی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە فەرمی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پارەدارکردن (تەمویل) و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی لە سەرانسەری عێراق ڕاگەیاند؛ لە قۆناغی سەرەتاییدا، شایستە داراییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە خەرج کران.
ئاوێنە: ئەم هەنگاوەی دارایی لە کاتێکدایە کە شەقامی عێراقی چەند مانگێکە لە دۆخی چاوەڕوانی و نیگەرانیدا دەژی، بەهۆی ئەو کێشە قووڵەی کە لە کەمیی نەختینەدا (کاش) سەریهەڵداوە و بووەتە هۆی دواکەوتنی بەردەوامی وادەی دابەشکردنی مووچە. بەپێی ئاماژە فەرمییەکان، بەشێک لە وەزارەتەکان مووچەی مانگی ئابیان دەکەوێتە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە، هاوشێوەی مانگی تەمووزی ڕابردوو کە پرۆسەی دابەشکردنەکە نزیکەی ١٢ ڕۆژی خایاند و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا.
پاشەکشەی یەدەگی دراو و لێکەوتەی گرژییە هەرێمییەکان
لە گۆڕانکارییەکی پەیوەندیداردا، نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پەردەی لەسەر داتایەکی دارایی مەترسیدار لادا و ڕایگەیاند: یەدەگی دراوی بیانیی عێراق بە بڕی ٣١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
ناسر هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی بۆ داخستنی گەرووی هورمز و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەڕاندەوە، و ئاماژەی بەوە کرد:
قەبارەی یەدەگی دراو لە ١٠٩ ملیار دۆلارەوە بۆ ٧٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پاشەکشەی کردووە.
پشکی شێری ئەو یەدەگ و کاشەی بەکارهاتووە، بە ئاراستەی دابینکردن و خەرجکردنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆران بووە.
دەسەڵاتی نەختینەیی وڵات لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەبردنی تەندروستانەی پارەی وڵات.