ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە گرێبەستێکی چەک و تەقەمەنی بە بەهای سێ ملیار یۆرۆ لەگەڵ یۆنان واژۆ کرد، کە بە یەکێک لە گەورەترین مامەڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسا، ئەم گرێبەستە بەشێکە لە پڕۆژەی "قەڵغانی ئاشیل" بۆ دروستکردنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی فرەچەشن لە یۆنان، کە سیستمە ئیسرائیلییەکانی تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی مووشەک، فڕۆکە و درۆن لەخۆدەگرێت.
لەوبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەم ڕێککەوتنەی بە بەردەوامی ئەو هاوپەیمانییە ناوبرد کە لەنێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا پێکهاتووە.
لایخۆشیەوە نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگری یۆنان ڕایگەیاند "گۆڕانکارییە خێراکانی بواری تەکنەلۆژیا بوونەتە هۆی ئەوەی ستراتیژە بەرگرییەکانی ئێستا بایەخیان نەمێنێت و کۆن ببن".
ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدا واژۆ کراوە کە یۆنان و ئیسرائیل هەردووکیان پەیوەندییەکی پڕ لە گرژییان لەگەڵ تورکیا هەیە و هاوکارییە بەرگری و ستراتیژییەکانی خۆیان لە دژی ئەو وڵاتە فراوانتر کردووە.
هەروەها هەردوو وڵات گرێبەستێکی تەواوکارییان بە بەهای ٢٦ ملیۆن یۆرۆ بۆ دابینکردنی سیستمی دژە درۆن واژۆ کردووە. بڕیارە کەرەستە و کەلوپەلەکانی ئەم گرێبەستانە لەلایەن کۆمپانیاکانی پیشەسازی سەربازی ئیسرائیلەوە بەرهەم بهێنرێن.