ترەمپ بە توندی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ 'لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد' ڕەتکردەوە
  2026-09-01       63       

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، تێڕوانینی توندی خۆی سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و تاران خستە ڕوو، هەروەها بە توندیش گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ "لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" ڕەتکردەوە.


ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ لەسەر رەتکردنەوەی لێکتیگەیشتنی ئیسلام ئاباد، لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند "ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هێندەی ئەو کاغەزەش ناهێنێت کە لەسەری دەنوسرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا چەندین دەرفەتی داوە بە تاران، بەڵام "سوودی نەبوو".

سەبارەت بە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، ترەمپ وتی "ئەگەر وەڵام بدەنەوە، بە توندییەکی زۆر زیاتر گورزیان لێ دەوەشێنین". هاوکات هۆشدارییەکی توندتریشی دا و وتی "ئەگەر گرژییەکان بۆ جاری سێیەم پەرەبسەنن، ئێران وەک وڵات بە تەواوی لەسەر نەخشە لادەبرێت و لەناودەچێت".

سەرۆکی ئەمریکا زیاتری ئاشکرایکرد "هێرشەکانی ئەم دواییە ئامانجی وردیان پێکاوە، لەوانە سیستمە ڕادارییەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران و نزیک گەرووی هورمز. هەروەها ئێمە دەمانزانی خەریکی نۆژەنکردنەوەی ڕادارەکانیانن، چونکە ئێستا کوێرن و هیچ نابینن، بۆیە چاوەڕێمان کرد تاوەکو خەریک بوو تەواو دەبن، ئینجا دامان لە ڕادارە نوێیەکانیشیان".

ترەمپ جەختی کردەوە کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتۆن" لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی دیکە. هەروەها وتیشی "پێشوەختە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو لە هێرشەکان ئاگادارمان کردووەتەوە".

بەوتەی ترەمپ "بەرپرسانی ئێران هەڵەیەکی مەترسیداریان کرد کە گومانیان لە ئیرادەی من هەبوو".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو بە زمانێکی زبر هێرشی کردە سەر بەرپرسانی ئێران و وتی "ئەوان وازناهێنن؛ ئەوان کۆمەڵێک کەسی شێت و گەمژەن".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×