لە پەرەسەندنێکی مەیدانیدا، سوپای ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر چەند بنکە و پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە هەریەکە لە وڵاتانی بەحرەین و ئیمارات ڕاگەیاند، هاوکاتیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی بەرفراوان دەکات.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە فەرمییەکان کە لەلایەن سوپای ئێرانەوە بڵاوکرابوونەوە، لەم هێرشانەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری "آرش" بەکارهاتوون و بنکەی عیسای سەربازی لە بەحرەین و هەروەھا هەردوو بنکەی ئاسمانیی "الظفرە" و "المنهاد" لە ئیمارات کراونەتە ئامانج، کە تێیاندا سیستمەکانی ڕادار و ناوچەکانی کۆبوونەوەی هێزە ئەمریکییەکان پێکراون.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی نیزامیی ئێران جەختیان لەوە کردووەوە کە ئەم کردارە وەک کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەو هێرشانەی کە دەدرێنە پال ئەمریکا و گوایە تێیاندا ناوچەی نیشتەجێبوون و ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری کراونەتە ئامانج، و هۆشداریشیان داوە کە وەڵامی داهاتوویان بۆ ئەو جۆرە هێرشانە بەرفراوان و گشتگیر دەبێت.
ئەم پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییانە لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو ڕووبەڕووی قۆناغێکی هەستیار بوونەتەوە، و تا ئێستاش لایەنە ئەمریکییەکان یان دەسەڵاتدارانی بەحرەین و ئیمارات هیچ لێدوان یان روونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر ئەم بانگەشە و هێرشانە نەخستووەتەڕوو.