بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەوروبەری کاتژمێر ٢:٠٠ی پاش نیوەشەو، لەناو شارەدێی پردێ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر خاڵێکی پشکنین و بارەگای فەوجێکی سەر بە لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لەلایەن دوو چەکدارەوە ئەنجامدراوە کە سواری ماتۆڕسکیلێک بوون و راستەوخۆ دەستڕێژی گوللەیان لە پاسەوانانی خاڵە پشکنینەکە و بارەگاکە کردووە. لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی بە ناوی (عەلی بەهجەت حامد) گیانی لەدەستدا.
ئەو بارەگایەی ڕووبەڕووی پەلامارەکە بووەتەوە، چەکدارەکانی سەر بە پێکهاتەی حەشدی تورکمانین و لەژێر فەرماندەیی کەسێکدان بە ناوی (عەلی بەغدادی).
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە و ئەنجامدانی دەستڕێژەکە، چەکدارە هێرشبەرەکان شوێنی ڕووداوەکەیان جێهێشتووە و بۆ ئاراستەیەکی نادیار هەڵاتوون.