لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا، پرسی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆ و مشتومڕ لە ناوخۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" کە لە چوار سەرچاوەی بەرپرس لە ناو کۆشکی سپییەوە دەستی کەوتوون، لە ئێستادا ڕەوتێکی دیار لە ناو حکومەتدا کار بۆ ئەوە دەکات ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە تاران لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا داببەزێنرێت. ئەم هەوڵانەش هاوکاتن لەگەڵ دابەزینی کەمبوونەوەی پشتیوانیی شەقامی ئەمریکی بۆ ئەو جەنگە و زیابوونی لێکەوتە نەرێنییە ئابوورییەکانی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشەنگایەتیی ئەم دیدگایە دەکەن؛ بە جۆرێک داوای کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و جڵەوگیرکردنی پەرەسەندنە سەربازییەکان دەکەن و جەخت لەسەر بەکارهێنانی سزای ئابووری وەک کارتێکی فشار دەخەنەوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی ئامانجیان هێورکردنەوەی کاتیی ڕەوشەکەیە لە پێناو هەڵبژاردنەکاندا، ئامادەیی بژاردەی سەربازی بۆ قۆناغی دوای تشرینی دووەم هێشتا وەک ئەگەرێکی بەهێز لەسەر مێزی بڕیار بەجێماوە، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە تەواوەتی بەو جەنگە دیاری نەکراوە.