لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەلایەن دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێوەچوو، وردەکاری دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی لالەزار خسترایەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئامادەکردنی سەرجەم ١٢ تۆمەتبارەکە لە ناو هۆڵی دادگادا، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەنها وتەی شەش کەس لە تۆمەتباران وەرگیراوە.
ئاوێنە: بە وتەی وتەبێژی تیمی پارێزەران، ئەو شەش کەسەی کە لێدوان و وتەیان لێوەرگیراوە، سەرجەم تۆمەتەکانیان ڕەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وتەکانی پێشوویان لەژێر گوشار، هەڕەشە و ئەشکەنجەدا پێدراوە، کە لەسەر ئەم بنەمایە دادوەر بڕیاریدا سەرلەنوێ وتەیان تۆمار بکاتەوە. سەبارەت بە چارەنووسی دانیشتنەکەش، ڕاگەیەندرا کە دادگاییکردنەکە بۆ هەفتەی داهاتو دواخراوە و بڕیارە یەکشەممەی داهاتو کاتی فەرمی دانیشتنی داهاتوو بە تیمەکە ڕابگەیەنرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، دانا تەقیەدین ڕوونکردنەوەی لەسەر دۆخی لاهور شێخ جەنگی دا و ڕایگەیاند کە ناوبراو لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا ئامادە نەبووە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕووی خشتەی کاری دادگاوە سەرەی نەهاتبوو بۆ وەرگرتنی وتە. سەرەڕای ئەوەش، تیمەکەی دەڵێن کاک لاهور جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە تەواوی ئامادەیە ڕووبەڕووی دادگا بێتەوە و بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت.
تیمی پارێزەران هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ پێگەی بەڵگەنامە و فایلە خستنەڕووەکان کرد و بەراوردکارییان لەگەڵ لێدوانە پێشووەکانی میدیاییدا کرد، جەختیان لەوەش کردەوە کە ئەو دەنگۆ و زانیاریانەی باس لە بوونی دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێککەوتن و جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە دەکەن، تەنها قسەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و هیچ بنەمایەکیان نییە.
پاشخانی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە سەر بارەگای بەرەی گەل (هۆتێل لالەزار) و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و داوای خۆڕادەستکردنیان کرد. ئەم هەوڵە بووە هۆی هەڵگیرسانی پێکدادانێکی چەکداری، و سەرەنجام لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی دەستگیرکران، لەو پێکدادانانەشدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ بوون.