چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تاوتوێی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ یاسا و ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌تی كرد
  2026-09-08       64       

چوارچێوەی هەماهەنگی شه‌وی دوشه‌ممه‌ تاوتوێی كۆمه‌ڵێك پرسی كرد له‌نێویاندا پڕۆژه‌ یاساکانی دەستەی حەشدی شەعبی، نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی، هاوکات بڕیاریدا له‌سه‌ر به‌رده‌میدان به‌ تەواوکردنی پێکهێنانی كابینه‌ی حکومەت.

ئاوێنه‌: لە ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتوه‌ "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی ئه‌نجامداو کۆمەڵێک دۆسیەی سیاسی و ته‌شریعی كه‌ ئه‌وله‌وییه‌تیان هه‌یه‌، تاوتوێ کرد."

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "ئامادەبوانی كۆبونه‌وه‌، یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و گرنگی تەواوکردنی پەسەندکردنییان تاوتوێ کرد کە کارەکانی دەستەکە ڕێکدەخات و ڕۆڵی لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەهێز دەکات، لەگەڵ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک یاسای سه‌ره‌كی دیكه‌ له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ یاسای نەوت و غاز، یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە تەواوکردنی بونیادنانی دەستوری و دامەزراوەیی دەوڵەتدا."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "لە دۆسیەی پێکهێنانی كابینه‌ی حکومەتدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بەدواداچونی بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکان کرد و جەختی لەسەر پێویستیی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە کردەوە، و بڕیاریدا بەردەوام بێت لە دەستنیشانکردنی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی ماون بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی كابینه‌ی حکومەت و ڕەخساندنی دەرفەت تا ئەرکەکانی جێبەجێ بکات."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدراوه‌،"هەروەها کۆبونەوەکە ڕێکخستنی کارە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێ کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دانانی پەیرەو و ڕێسایەک کە میکانیزمەکانی کار و بڕیاردان ڕێکبخات، بە شێوەیەک کە دامەزراوەییبون و یەکهه‌ڵوێستی بەهێز بکات."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×