لە نوێترین هەڵوێستی فەرمیدا، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، پەیامێکی گشتگیری سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە چەند هەنگاوێکی پێویست کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و هێورکردنەوەی ناوچەکە.
ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونی پێکدادان و ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە خزمەتی بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە. لەم سۆنگەیەوە، پەکین هانی هەردوو وڵات دەدات کە دان بەخۆیاندا بنێن و بە لۆژیک و عەقڵانییەتێکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وانگ یی داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد کە چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوانیان دووبارە بونیاد بنێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری کرد کە هەردوو لایەن بگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆدەنگییەی کە پێشتر لە "لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"دا بەدەستهاتبوو، و بیکەنە بنەمایەک بۆ کارەکانیان. هەروەها جەختی لە پێویستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کردەوە و داوایکرد کە هەردوو وڵات بەشێوەیەکی جددی و بنەڕەتی بەشداری لەو ڕاوێژانەدا بکەن کە تایبەتمەندن بە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکانی شەڕ، حکومەتی پەکین ڕایگەیاند کە نایەوێت گرژییەکان لەوە زیاتر تەشەنە بسەنن و بازنەی ململانێکان فراوانتر بێت بە جۆرێک کە بگاتە ناوچەکانی دیکەی وەکو یەمەن و دەریای سوور.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی چین داوایەکی ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەنگاوی کاریگەر و کرداری بگرنەبەر بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بەو پێیەی ئەم هەنگاوە بە پێویستییەکی حەتمی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان.