دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە یەمەن بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڵکشانە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە، لە نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٢٢ هەزار کەس لە ٨ پارێزگای جیاوازی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستە حکومییەکە کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی یەمەن (سەبەئـ) گواستوویەتیەوە، لە ماوەی نێوان ١ تا ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئاوارەبوونی ١٧ هەزار و ٨٥٢ خێزان تۆمارکراوە، کە کۆی گشتییەکانیان دەکاتە ١٢٢ هەزار و ٢٩٧ کەس.
لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پارێزگای تەعز (لە باشووری ڕۆژئاوا) زۆرترین ڕێژەی ئاوارەبوونی بەخۆیەوە بینیوە، کە ژمارەیان ٩ هەزار و ٥٦٢ خێزانە و پێکهاتوون لە ٦٦ هەزار و ٩٧٢ کەس. لە دوای ئەویش، پارێزگای لەحج (لە باشوور) دێت بە تۆمارکردنی ٤ هەزار و ٥١١ خێزان، کە دەکاتە ٣١ هەزار و ٥٧٧ ئاوارە.
دەستەکە تەواوی وردەکارییەکانی ئاوارەبوونی لە پارێزگاکانی دیکەش بەم شێوەیە خستەڕوو:
پارێزگای عەدەن (باشوور): ١,١٨٠ خێزان (٥,٥٥٥ کەس).
پارێزگای ئەبیەن (باشوور): ١,٠٠٣ خێزان (٧,٠٢١ کەس).
پارێزگای حەزەرەمەوت (ڕۆژهەڵات): ٦٦ خێزان (٤٦٢ کەس).
پارێزگای مەهرە (ڕۆژهەڵات): ٤٠ خێزان (٢٨٠ کەس).
پارێزگای شەبوە (باشووری ڕۆژهەڵات): ١٩ خێزان (١٣٣ کەس).
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە کە بەشێک لەم جووڵەیەی ئێستای ئاوارەکان، بریتییە لە ئاوارەبوونی دووبارە. ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشتر ١,٤٧١ خێزان لە هەردوو قەزای حەیس و خوخە لە پارێزگای حودەیدە (لە ڕۆژئاوا) تۆمارکرابوون، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە جارێکی دیکە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەرەو شاری عەدەن ئاوارە ببنەوە.