وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر شوێنه پیرۆزه‌كانی ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت مه‌ككه. ده‌شڵێت، ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی كه گوایه مه‌ككه به درۆنێك كراوه‌ته ئامانج له‌لایه‌ن حوسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه.
ئاوێنه: ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له په‌یامێكدا له سه‌كۆی ئێكس رایگه‌یاند، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام، بە تایبەتی مەککەی پیرۆز، مەدینە و مزگەوتی ئه‌قسا، هەروەها هەڕەشەکردن لە زیارەتکاران، ئیدانه ده‌كه‌ین.
به‌قایی وتوشیه‌تی، لە هەمان کاتدا، تەنیا بانگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ڕێگری لە درۆنێک لە ڕێگەیدا بۆ مەککەی پیرۆز كراوه ناتوانێت بێتە بنەمایەک بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیاریکراو، بە تایبەت کە حوسییه‌كان بە ڕاشکاوی ئەم بانگه‌شه‌یه‌یان رەتکردوەتەوە.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، ئێران جەخت لە پێویستیی ڕێگری‌کردن لە به سیاسیکردن و به ئەمنیکردنی پرسی پیرۆزییەكانی ئیسلام دەکاتەوە له‌گه‌ڵ بەکارنەهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی فیتنە و پەرەپێدانی گرژییە هەرێمییەکان.
وتوشیه‌تی، نابێت ئەوەشمان لەبەرچاو نه‌بێت کە ناوچەکەی ئێمە شاهیدی چەندین حاڵەتی هێرشی "ئاڵای درۆینه" بوه، بە تایبەتی لە ماوەی مانگەکانی دواییدا، کە ئامانجیان لادانی سەرنجی ڕایگشتی بوە لەسه‌ر ئه‌و تاوانانەی لەلایەن قەوارەی زایۆنی و ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە لە ناوچەکەدا ئەنجامدراون له‌گه‌ڵ دروستكردنی دوبەرەکی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی‌دا.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه دوێنێ چوارشه‌ممه، سعودیه حوسییه‌كانی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی كه شاری مه‌ككه‌یان كردۆته ئامانج، به‌ڵام دواتر حوسییه‌كان ئه‌و بانگه‌شانه‌یان ره‌تكرده‌وه.