وته‌بێژی سوپای پاكستان رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رگریكردن له سعودیه درێغی له هیچ شتێك ناكات.
ئاوێنه: ئەحمەد شەریف چه‌ودری، وته‌بێژی سوپای پاكستان له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، پاکستان «هەم لە ڕوی دیپلۆماسی و هەم لە ڕوی سەربازییەوە" پشتیوانی لە سعودیه ده‌كات و له‌و روه‌وه هیچ درێغییه‌ك ناكات.
ئه‌و وتی، ئێمە بۆ دابینکردنی ئاسایشی مه‌ككه و مه‌دینه كه دو شوێنی پیرۆزن و هه‌روه‌ها بۆ دابینكردنی ئاسایشی سعودیه له هیچ شتێك درێغی ناكه‌ین و تا هەر ئاستێک پێویست بکات دەڕۆین.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه هێرشکردنە سەر هێڵی بۆری نه‌وتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا و بەندەری یەنبەع له‌لایه‌ن حوسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه بەکردەیی هەناردەکردنی نەوتی سعودیه‌ی ڕاگرتوە.
هه‌روه‌ها ریاز حوسییەکانی تۆمه‌تباركردوه بە ئەنجامدانی هێرشی "ترسنۆکانە" بۆ سەر مەکكە بەڵام حوسییەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوه‌و ده‌شڵێن، چه‌ندین جار له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی سعودیه‌وه هێرش كراوه‌ته سه‌ر هێزه‌كانیان.
ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی سعودیه کاردانەوەیەکی بەربلاوی لە وڵاتانی ئیسلامی‌دا لێکەوته‌وه.
پاكستان، سعودیه و تورکیا له مانگی ئاب "ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەکكە»یان ئیمزا کرد، کە به‌پێی ئه‌وه هێرشکردنە سەر هەر یەکێکیان وەک هێرشکردنە سەر هەر سێ وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت.
به‌رله‌وه خواجه ئاسیف، وه‌زیری به‌رگریی پاكستان رایگه‌یاند، له‌دوای هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حوسییه‌كان، كاتی ئه‌وه هاتوه رێككه‌وتنی مه‌ككه له‌گه‌ڵ سعودیه‌و توركیا جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌و دوێنێ له لێدوانێكدا بۆ میدیای ناوخۆی پاكستان وتی، پاكستان خۆی به پابه‌ند ده‌زانێت له به‌رگریكردن له سعودیه‌و شوێنه پیرۆزه‌كانی ئه‌و وڵاته. وتیشی، ته‌نانه‌ت به‌بێ بونی رێككه‌وتنیش ئه‌مه ئه‌ركێكی سه‌ر شانی پاكستانه.
ئاسیف وتیشی، پاكستان له‌دوای نیگه‌رانییه‌كان له‌باره‌ی هێرشه‌كانی خوسییه‌كان، په‌یامی سعودیه‌ی گه‌یاندۆته ئێران.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێموانییه ئێران وه‌كو وڵاتێك بیه‌وێت به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌نگ بكاته‌وه، چونكه ئێستا خۆی له‌نێو جه‌نگێكدایه له ناوچه‌كه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وه‌زیری پاكستان جه‌ختی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ رێگریكردن له به‌رفراوانبونی شه‌ڕ.