بەپێی شیکارییەکانی شارەزایانی کاروباری یەمەن، لەوانەش ئەحمەد شەلەفی سەرنووسەری کاروباری یەمەن لە کەناڵی جەزیرە، نەخشەی کۆنترۆڵی سەربازیی لایەنە شەڕکەرەکان لە یەمەن گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، مانەوەی چیاکانی "کەهبووب" لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی حوسیدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب لەلایەن ئەو گروپەوە لێکدەدرێتەوە.
ئاوێنە: لەسەر ئاستی مەیدانی، حوسییەکان پارێزگارییان لە پێگەکانی خۆیان کردووە لە چەندین ناوچەی هەستیاری کەناراوەکانی دەریای سوور، کە دیارترینیان بریتین لە ناوچەکانی موخا، زووباب و خودی بابولمەندەب. ئەمە جگە لەوەی هێزەکانیان هێشتا بەسەر چەندین ناوچەی شاخاویی ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز و باشووری پارێزگای حودەیدەدا زاڵن.
لە ڕووی جوگرافییەوە، ئەم ناوچانە پێگەیەکی یەکجار ستراتیژییان هەیە؛ چونکە دەبنە خاڵی بەیەکگەیشتن و یەکتربڕینی هەر سێ پارێزگای حودەیدە، تەعز و لەحج، هەروەها وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ بەرەو شاری عەدەن هەژمار دەکرێن کە پێگەی سەرەکیی حکومەتە.
سەبارەت بە هاوکێشەی سەربازیی ئێستای ناوچەکە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارانی حوسی لە ئێستادا زیاتر لە دۆخی هێرشبردن و دەستپێشخەریدان. لە بەرامبەریشدا، هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن لە بەرەکانی کەناراوەکان و ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز لە دۆخی بەرگریدان و بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەریان.