عەقید نیدال ئەبوزەید، شارەزای بواری سەربازی، لە شیکارییەکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران ڕایدەگەیەنێت، ستراتیژی سەربازیی ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و زیاتر پشت بە زانیاریی هەواڵگری و درۆن دەبەستێت، هەروەها هێرشەکانی داهاتوو قۆناغ بە قۆناغ دەبن نەک یەک هەڵمەتی بەرفراوان.
ئاوێنە: عەقید نیدال ئەبوزەید سیناریۆی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکای بەم شێوەیە دەستنیشان کردووە:
قۆناغی یەکەم: لاوازکردنی تواناکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی کردنەوەی ڕێڕەوی ئاسمانیی ئارام بۆ فڕۆکە ئەمریکییەکان.
قۆناغی دووەم: بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکان لە قووڵایی چیاکاندا، بەتایبەتی ناوچەی "چیای تەور" (جبل الفأس) لە نزیک ئەسفەهان کە گومان دەکرێت بنکەی ئەتۆمیی قایمکراوی تێدابێت. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەمریکا چەکی تایبەتی وەک بۆمبی قەڵغانشکێنی (GBU-57) لە چوارچێوەی هێرشی لێکدراو و یەک لەدوای یەکدا بەکاردەهێنێت بۆ بڕینی شاخەکان.
ئۆپەراسیۆنی زەمینی: چوونەناوەوەی هێزی زەمینیی ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەگەرێکی دوورە بەهۆی سەختیی جوگرافیای ئێران، بەڵام ئەگەری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سنووردار لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە کراوەیە.
لەکۆتاییدا، ئەم شارەزا سەربازییە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای گەیشتنی تێچووی شەڕەکە بە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار و زیانگەیشتن بە بنکەکانی ئەمریکا، بەڵام هێشتا ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانەکان بەتایبەت لە گەرووی هورمز لە ئارادایە.