وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە رێگریکردن لە درۆنێک بەرەو مەکەی پیرۆز دەکەن و رایگەیاند، تەنیا بانگەشەی خستنەخوارەوەی درۆنێک ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ سەر هیچ لایەنێک.
ئاوێنە: هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەبارەت بە بانگەشەکانی خستنەخوارەوەی درۆنێک کە بەرەو مەکەی پیرۆز ئاراستە کرابوو، رایگەیاند: هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان، بەتایبەت مەکەی پیرۆز، مەدینەی منەوەرە و مزگەوتی ئەقسا، یان دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر زیارەتکاران و دانیشتووانیان، کارێکی بەتەواوی مەحکوومکراوە.
بەقایی رایگەیاند، تەنیا خستنەڕووی ئەو بانگەشەیە ناکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیاریکراو، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە حکوومەتی گۆڕانکاری و بونیاتنەر لە یەمەن بە روونی و راشکاوانە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، تاران پێداگری لەسەر پێویستیی رێگریکردن لە بەسیاسییکردنی پرسەکانی پەیوەست بە پیرۆزییە ئیسلامییەکان یان گۆڕینیان بۆ دۆسیەی ئەمنی دەکات، تاوەکو بۆ نانەوەی فیتنە و پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەکارنەهێنرێن.
هاوکات بەقایی هۆشداریی دا لەوەی کە نابێت لەبیر بکرێت ناوچەکە لەم مانگانەی دواییدا شاهیدی چەندین ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای درۆینە" (False Flag) بووە، کە ئامانج لێیان لادانی سەرنجی رای گشتی بووە لەسەر ئەو تاوانانەی لەلایەن قەوارەی زایۆنیستی و ئەمریکاوە دەکرێن، هەروەها دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا بووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای کرد هەمووان بە وریایی و چاوکراوەیی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.