دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێگری لە تۆڕەکانی CNN،MS NOW و گۆڤاری Politico دەکات لە چوونە ناو کۆشکی سپی.
ئاوێنە: ترەمپ ڕۆژی هەینی ئەم میدیایانەی بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" تۆمەتبار کرد و وتی ڕەنگە میدیاکانی تریش تووشی هەمان سنوورداری ببنەوە. هاوکات بەرپرسیارێکی کۆشکی سپییش بە تۆڕی Fox Newsـی ڕاگەیاندووە کە ئەم قەدەغەیە لە ڕۆژی شەممەوە جێبەجێ دەکرێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارەی بەهۆی 'کۆبوونەوەی" ڕاپۆرتەکانی ئەم میدیایانە لە ساڵانی ڕابردوودا داوە و هیچ ڕووداوێکی تایبەت هۆکاری ئەم بڕیارە نەبووە. هەروەها ناوی New York Times و Washington Postـیشی هێنا.
هۆکاری وردی ئەم قەدەغەیە هێشتا ڕوون نییە، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن؛ بێبەشکردنی میدیاکان لە دەستگەیشتنی گشتی بە زانیارییەکانی هەواڵی کۆشکی سپی، لەوانەیە لەگەڵ گەرەنتییەکانی پەراگرافی یەکەمی دەستووری ئەمریکا سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەوانی ناکۆک بێت.
لایخۆشییەوە CNN ڕایگەیاندووە "ئەم هەنگاوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، هێرشێکی نایاسایی دەبێت بۆسەر مافی دەستووری ڕۆژنامەنووسان. هەروەها Politico ـیش ئاشکرایکردووە، بەرگری لە مافەکانی خۆی بە پشتبەستن بە پەراگرافی یەکەمی دەستوور دەکات.