مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت
  2026-09-22     

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداربوون لە 71ـەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت و بڕیارە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە لەگەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەمریکا دیدارێکی تایبەتی هەبێت.

ئاوێنە: ئاژانسی ئێرنا بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆک کۆمار لەچوارچێوەی رێوڕەسمێکی فەرمی لەلایەن محەمەدڕەزا عارف جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار و مۆحسین قومی یاریدەدەری کاروباری نێودەوڵەتی نووسینگەی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە بەرپرسان، لە تارانەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێکراوە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەراوێزی 81ـەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، چەندان دیداری لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان دەبێت، هەروەها بە جیا دیداری لەگەڵ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەمریکا و بەشێک لە کەسایەتی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی ئەمریکا دەبێت.

لە 8ـی ئەم مانگەوە کۆبوونەوەکانی 81ـەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لە ئەمڕۆ سێشەممەوە تاوەکو 28ـی ئەم مانگەوە گفتوگۆ و دیدارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە لەژێر دروشمی "گەڕاندنەوەی متمانە" بەردەوام دەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×