حکومەتی چین بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران ڕاگەیاند و بە هەنگاوێکی "نایاسایی" ناوی برد. ئەم هەڵوێستەی پەکین دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، بەهۆی گوشارەکانەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ڕادەگیرێن.
ئاوێنە: گوو جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەکین هەمیشە دژی سزای تاکلایەنەی نایاساییە، چونکە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پەسەند نەکراون.
لە بەرامبەردا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە ٢٣ی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران چالاکییەکانیان دەوەستێنن. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن بی سی" (CNBC) وردەکاریی ڕێکارەکانی خستەڕوو و وتی: "ئەگەر ئەم فڕۆکانە لە هەر شوێنێک بنیشنەوە، ڕێگەیان پێنادرێت سووتەمەنی وەربگرن و خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەیان پێشکەش ناکرێت، هەروەها فرۆشتنی بلیت بۆیان قەدەغە دەکرێت. هەر لایەنێکیش سەرپێچی بکات، لە سیستەمی دارایی پشتیبەستوو بە دۆلار بێبەش دەکرێت."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن فشارێکی "بێ وێنە" دەخاتە سەر تاران و ئامانجیشی سەرجەم ئەو دامەزراوە و بانکانەیە لە سەرتاسەری جیهان کە پشتیوانی لە ئێران دەکەن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر بانکی حکومیی ڕووسی "ڤی تی بی" (VTB). ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران دادەنرێت، کە تێیدا هاوبەشە بازرگانییەکان و ئەو "ئاسانکارە داراییانە" بەئامانج دەگرێت کە یارمەتیی ئێران دەدەن بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
سەرەڕای هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین، سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی چینی "بە شێوەیەکی بەرچاو" بەشدارن لە هەڵمەتی فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
لە ٨ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەمریکا سزای بەسەر "سەرجەم هێڵە ئاسمانییە ماوەکانی ئێران"دا سەپاند کە پێشتر لە دەرەوەی ڕێکارەکانی ئەمریکا بوون بۆ توندکردنی فشارە ئابوورییەکان. وەزارەتی گەنجینە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە ٣٦ قەوارە و کۆمپانیای پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
وەزارەتەکە هۆکاری سەپاندنی ئەم سزایانەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئێران کەرتی فڕۆکەوانی بۆ گواستنەوەی چەک، هێزی سەربازی و باری نایاسایی بەکاردەهێنێت.
لە کۆتاییدا وەزارەتی گەنجینە ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم سزایانە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "دەرکردنی ئابووری"دان، ئەو کۆمپانیا وەهمیانە، نێوەندگیرە بیانییەکان، و ڕێڕەوە ناڕوونەکانی گواستنەوەش دەگرێتەوە کە ئێران بۆ دەستخستنی فڕۆکەی دروستکراوی ئەمریکی و تەکنەلۆژیای هەستیار بەکاریان دەهێنێت.