وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دیدار بکات.
ئاوێنە: بی بی سی لەزاری مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە "لە ئێستادا پێم وانەیە هیچ دیدارێک بۆ ئەم مەبەستە بە فەرمی پلانی بۆ دانرابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دیدار بکەین".
رۆبیۆ پێیوایە ئەم دیدارە بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدرێت کە "ئەگەر بتوانێت ببێتە هۆی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و لە کۆتاییدا ئامانجی سەرەکی بەدەست بێت".
ڕوبیۆ وتوشیەتی "مەبەستم لە ئەو هیوایە ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ناوکی هەبێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دووشەممەوە لە نیویۆرکە و مەسعود پزیشکیانیش بەرەو ئەم شارە بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوە گشتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێک پێشکەش بکات. ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە تۆڕی فۆکس وتبوو؛ کە ئامادەیە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان دیدار بکات.