ترەمپ پێشنیاری سندوقێکی ١٠ ملیار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
  2026-09-22     

حکومەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری دامەزراندنی سندوقێکی ١٠ ملیار دۆلاری کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی وزە کەلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها کەمکردنەوەی پشتبەستنی وڵاتانی ناوچەکە بە گەرووی هورمز.

 

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێکی وۆڵ ‌ستریت جۆرناڵ، حکومەتی ئەمریکا ئامادەیە پێنج ملیار دۆلار لەم سندوقەدا وەبەرهێنان بکات و پێنج ملیار دۆلاری دیکەش لە بەشداری پێ بکات بۆ هەشت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەربارەی هەشت وڵاتەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەشت وڵاتەی کە واشنتۆن مەبەستیەتی بۆ بەشداری لەم پلانەدا لەگەڵیان گفتوگۆ بکات؛ سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوێت، عومان، عێراق و ئوردنە.

هاوکات، ئەم پلانە لەژێر ناوی "هاوبەشی بۆ متمانە و بنیادنانەوەی هاوپەیمانان"ە و بە کورتی بە"پەکت" ناودەبرێت. ئامانجی ئەم پلانە، نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی بۆری، پاڵاوگەکان، کۆگاکانی هەناردەکردن و ژێرخانی دیکەی وزەیە کەلە جەنگدا زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها دروستکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.

وۆڵ ستریت رونیشیکردووەتەوە، بەڕێوەبردنی ئەو سندوقە پێشنیارکراوە دەسپێردرێت بە "کۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی ئەمریکا"؛ دامەزراوەیەکی فیدراڵییە کە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، لە پڕۆژە پەیوەندیدارەکان بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا وەبەرهێنان دەکات.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ‌ستریت جۆرناڵ، پێشنیارەکەی واشنتۆن لە کردەوەدا نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا قەبارەی زیانە گەورەکانی گەیشتوو بە ژێرخانەکانی وزەی ناوچەکە لەماوەی جەنگی حەوت مانگە لەگەڵ ئێران پەسەند دەکات. هێڵەکانی بۆری، پاڵاوگەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کۆگاکانی هەناردەکردنی گاز لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و، خەرجی نۆژەنکردنەوەیان بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.

لایخۆشیانەوە، هەندێک بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلانی ئەمریکا بە هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمز و نیشاندانی هاوپشتی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لەبەرامبەر ئێران دەزانن. بەڵام ئەوان ئاگاداریان داوە کە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وزە پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەوانەیە زوو بێت؛ چونکە هێشتا ئەگەری هێرشی دووبارەی ئێران بۆسەر ئەم ژێرخانانە هەیە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×