ئیدارەی ترەمپ ٨ هەوڵی خۆکوشتن لەسەر کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن پشتڕاست دەکاتەوە
  2026-09-24     

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە لە ماوەی بڵاوەپێکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە میانەی جەنگ و گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران، ٨ هەوڵی خۆکوشتن لە نێوان سەربازانی کەشتییەکەدا تۆمارکراون.

ئاوێنە: ​لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی سیناتۆر کیرستن گیلیبراند کراوە، هونگ کاو، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا بە وەکالەت، ئاشکرایکرد کە سەربازانی سەر کەشتییەکە بەهۆی مانەوەی زۆریان لەناو دەریادا ڕووبەڕووی گرفتی دەروونی بوونەتەوە. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە یەکێک لە ڕووداوەکان لە سەرەتای مانگی ئابدا ڕوویداوە، کاتێک سەربازێک خۆی فڕێداوەتە ناو دەریاوە، بەڵام دواتر لەلایەن تیمەکانەوە ڕزگار کراوە.

​هونگ کاو لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "تا ئێستا ٨ هەوڵی خۆکوشتنمان هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کامێکیان نەبوونەتە هۆی گیانلەدەستدان. ئێمە لە ئێستادا کار دەکەین بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەندروستی و دەروونیی تەواوی تیمەکەمان لەسەر کەشتییەکە."

​سەبارەت بە جووڵەی کەشتییەکە، ئەبراهام لینکۆڵن لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ لە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە بەرەو دەریای چینی باشوور بەڕێکەوتبوو. بەڵام پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦، ئاراستەکەی بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدرا.

​ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم کەشتییە بۆ ماوەی ٢٨٦ ڕۆژ بەبێ پچڕان لەناو دەریادا ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە سەربازەکان دەستیان بە وشکانی و خۆراکی تازە (فرێش) نەگات، کە بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی تەندروستی و بێزاری لە نێوانیاندا. پێشتر، ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە خراپیی ڕەوشی ناو کەشتییەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و وەزیری بەرگرییەکەیەوە ڕەتکرابوونەوە و وەک "زانیاریی چەواشەکارانە" وەسفکرابوون.

​کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و نزیکەی ٥ هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت. ئەم بارودۆخە و مانەوەی زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژ لە دەریادا بەبێ بینینی وشکانی، کاردانەوەی فراوانی لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا لێکەوتووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە لە ساڵانی دواییدا، ئامارەکانی خۆکوشتن لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکادا ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئامادەیی و توانای سەربازیی واشنتن لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا سەیر دەکرێت.

زۆرترین بینراو
كچه‌ خوێندكارێكی 10 ساڵان له‌ خوێندنگه‌یه‌كی سلێمانی گیانی له‌ده‌ستدا
بڕیارەکانی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران
پزیشكیان بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌: هیچ كه‌س به‌ته‌نیا خاوه‌نی ئاسایش نابێت
سزاکانی ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ چەندین وڵات پەکدەخات؛ تاران پەیامێکی دیپلۆماسی ئاراستەی سعودیە دەکات
ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سێ سیناریۆی سەربازی دژی ئێران دەکات
دەم پارتی: لە ڕۆژانی داهاتودا چاوەڕوانی پێشهاتی گرنگ دەکەین بۆ چه‌كدانان
حکومەتی هەرێم: ​قەرزی کۆنی کارەبا یان بە داشکاندنەوە بیدەوە یان دەبێتە قیستێکی ناچاری
زه‌یدی و تره‌مپ هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا له‌پێناو سه‌قامگیریی ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن
بە تۆمەتی "دەوڵەمەندبوونی نایاسایی"؛ سزای ٧ ساڵ زیندانیکردن بەسەر پەرلەمانتار ئەشواق سالم سەپێندرا و دەست بەسەر سامانەکەیدا گیرا
زه‌یدی و ئه‌ردۆغان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا سه‌ربازگه‌ی باشیك راده‌ستی عێراق بكه‌نه‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×