ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرگری شارستانی سعودیە زنجیرەیەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بۆ چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لێدا، لە نێویاندا شاری مەککە، بە مەبەستی هۆشداریدان لە بوونی هەڕەشە لەسەر ئەو ناوچانە. بەڵام پاش ماوەیەکی کورت ئاگادارکردنەوەکانی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند کە مەترسییەکە نەماوە.
ئاوێنە: لە لایەکی دیکەوە و دوابەدوای ئەم ڕووداوە، لیوا ڕوکن تورکی مالکی، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانی پشتیوانی شەرعیەت لە یەمەن ڕایگەیاند؛ هێزەکانیان توانیویانە پێشڕەوی بە شەش مووشەکی بالیستی بگرن و تێکیان بشکێنن، کە لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە ئاراستە کرابوون.
پێشتریش بەرگری شارستانی سعودیە لە ڕێگەی چەند بڵاوکراوەیەکەوە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لە ڕێگەی سەکۆی نیشتمانی بۆ هۆشداریی پێشوەختە لە کاتی فریاگوزاریدا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. مەبەست لەم زەنگە هۆشداریدان بووە لە ئەگەری مەترسییەک لە شاری مەککە و پارێزگاکانی تائیف، جەدە، یەنبوع، هەروەها ناوچەی تەبووک.
لەگەڵ ئەوەشدا، پاش تێپەڕبوونی چەند خولەکێک، هەڵگرتنی ئەو هۆشدارییانەی ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا بەرگری شارستانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا مەترسییەکە بە تەواوی لەسەر ناوچەکانی تەبووک، مەککە، تائیف، جەدە و یەنبوع ڕەویوەتەوە و بارودۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.