داوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی قەدەغەی چونهژورەوەی سێ دەزگای ڕاگەیاندنی بۆ کۆشکی سپی هەڵوەشاندەوە.
ئاوێنه: داوەرێکی فیدراڵی لە ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی ئهمریكای بۆ قەدەغەکردنی چونهژورهوهی سێ دەزگای ڕاگەیاندنی بۆ کۆشکی سپی هەڵوەشاندەوە و فەرمانی بە ئیدارهكهی ترهمپ کرد کە مافی چونهژورهوهی ئهو دەزگایانە دیسانەوە بگەڕێنێتەوە.
تۆڕە هەواڵییەکانی سی ئێن ئێن، ئێم ئێس ناو و پۆلهتیکۆ ئەم قەدەغەیەیان بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی مافی یاسایی ئازادی ڕۆژنامەگەری و جۆرێک لە جیاکاری ئەژمار کرد و داوایهكی یاساییان دژبه ئیدارهی ترهمپ تۆماكرد.
ترەمپ لە سەرەتادا وتبوی کە دەستڕاگەیشتنی ئەو دەزگایانەی بۆ کۆشکی سپی بەهۆی بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" دهركردوه. بەڵام دواتر کۆشکی سپی بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕو، تۆمەتباری کردن بەوەی کە "ئاسایشی نەتەوەیی"یان خستوەتە مەترسییەوە.
ئەم فەرمانە کاتییە کە ڕێگری لە قەدەغەکردنی چونهژورهوهی ئەم دەزگایانە بۆ کۆشکی سپی دەکات، بۆ ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام دەبێت تا دادگا دەرفەتی ئەوەی هەبێت بە وردییهكی زیاترەوە لە کەیسەکە بکۆڵێتەوە.
تیمۆسی کلی، داوەری ئەم دادگایە کە ترەمپ خۆی دەستنیشانی کردوە، ڕایگەیاندوە، پێیوایە ڕێکارە یاساییەکان سەبارەت بە قهدهغهی چونهژورهوهی ئهو دەزگایانە بۆ کۆشکی سپی، بە دروستی جێبەجێ نەکراون.
ئهو بڕیارهی كۆشكی سپی و ترهمپ، كاردانهوهی پێنج تۆڕی ههواڵی گهورهی ئهمریكای بهدوای خۆیدا هێنا و رایانگهیاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیارەکەی ترامپ بایکۆتی روماڵی هەواڵەکانی کۆشکی سپی دەکەن، لەوانەیش (فۆکس نیوز) کە بە لایەنگری سەرسەختی کۆماریخوازەکان و خودی دۆناڵد ترامپ ناسراوە.