لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پاکستان ٤٠ کەس بوونە قوربانی
  2026-09-26     

تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی پۆلیس لە پاکستان روویدا و فریاکەوتنی وڵاتەکەش ئاشکرایکرد کە بەهۆیەوە ٤٠ کەس بوونەتە قوربانی.

 

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی پۆلیس لە پاکستان روویداوە، هاوکات فریاکەوتنی پاکستانیش رایگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە شاری دێر ئیسماعیل خان لە باکووری رۆژهەڵات ١١ کەس کوژران و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیسلامئاباد رێگە سەرەکییەکانیان بەرەو پایتەخت داخست و وەک وەڵامێک بۆ خۆپیشاندانە پلاندانراوەکەی سبەی یەکشەممە، کە بڕیاربوو لایەنگرانی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی زیندانیکراوی پاکستان خۆپیشاندانێک ساز بکەن، بەڵام بەهۆیەوە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە کاتەکەیان بۆ ماوەی یەک هەفتە دواخست، هاوکات بەرپرسانی ئیسلامئاباد ژمارەیەکی زۆر بەربەستیان داناوە، کە ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ لە ناوچەکەدا.

عەلی ئەمین گەنداپوور، سەرۆکوەزیرانی خەیبەر پەختونخوا، کە بزووتنەوەی ئینسافی پاکستان بە سەرۆکایەتیی عیمران خان لەو هەرێمەدا دەسەڵاتدارە، رایگەیاند، دواخستنی خۆپیشاندانەکە بەشێکە لە ستراتیژییەکەمان و پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ماندوو بکەین.
گەنداپوور روونیکردەوە خۆپیشاندانەکە لە پێشەوارەوە بەرەو ئیسلامئاباد، لە ٤ـی ئۆکتۆبەر دەست پێ دەکات.

جگە لەوەش، بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، پۆلیس ٢٢ هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی بۆ داخستنی رێگاکانی گەیشتن بە ئیسلامئاباد و رێگریکردن لە هاتوچۆ بۆ ناو و دەرەوەی خەیبەر پەختونخوا ئامادە کردووە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×