پزیشکیان بۆ ئیسرائیل: دوور نییە هێرشی سەر بۆری نەوتی سعودیە ئێوە بەرپاتان کردبێت
  2026-09-26     

وێڕای ئەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دوپاتیکردەوە کە بەرامبەر گەمارۆکان "سەرکەوتوو" دەبن، ئاماژەی بەوەشدا کە نازانن بە چ یاسایەک لەگەڵ ئەمریکا بۆ دانوستان قسە بکەن، جگە لەوەش روودەکاتە ئیسرائیل پێیان دەڵێت "دوور نییە شەڕەکەی سعودیە و یەمەن ئێوە بەرپاتان کردبێت".

 

ئاوێنە: سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجزیرە" ڕایگەیاند "سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئێمە دەستپێشخەری داخستنی ڕێگاکەمان نەکردووە. ئەمە ئەمریکایە کە ڕێگاکە دادەخات و ئەمە ئیسرائیلە کە ناوچەکە دەخاتە ناو ئاگر. ئەم بابەتە بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت، نەک بە زۆرداری و پاڵەپەستۆ".

وتیشی "ئێمە ڕێکەوتننامەکەمان واژوو کردبوو و پابەندی بووین، بەڵام ئەوان دەیشکێننەوە. ئەمە یەکەم جار نییە و، هەر ئەم هەڵسوکەوتە بووەتە هۆی نەبوونی متمانە".

پزیشکیان باس لەوە دەکات کە نازانن لەسەر بنەمای "کام یاسا دەبێت قسە لەگەڵ ئەمریکا" بکەن؛ زیادیکرد کە "ئایا پابەند دەبن بە قسەکانیان؟ هەرچەندە گفتوگۆ بکەین، لەوانەیە سبەینێ بە ئاسانی قسەیەک یان ڕێکەوتننامەیەک کە واژوویان کردووە قبوڵ نەکەن".

لەبارەی یەمەن و سعودیەش، ناوبراو ئاشکرایکرد "کاروباری یەمەن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئێمە تەنها هاوسۆزی نیشان دەدەین. ئەوە راست نییە کە گوایە ئێمە کارێک لە یەمەن ئەنجام بدەین. بە بۆچوونی ئێمە، یەمەن و سعودیە نابێت لەگەڵ یەکتر بجەنگن".

پزیشکیان لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان یەمەن و سعودیە دەستی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل راکێشا و دەڵێت "دوور نییە کە ئەوان یان کارگێڕەکانی هێرشیان کردبێتە سەر بۆڕی نەوتی سعودیە تاوەکو ناکۆکی لەنێوان ئێمە و سعودیەدا بەرپا بکەن".

 

ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکانی ناوبراوە:
ـ نەتانیاهو نەیتوانیوە غەززە کە بەرچاوی خۆیەتی زەلیل بکات، ئێستا دەیەوێت بێت و حکومەتی ئێران بگۆڕێت؟
ـ باوەڕم وایە کە سعودیە، بە بوونی مەککە و مەدینە، دەتوانێت ببێتە ناوەندی یەکێتی موسوڵمانان. ریاز دەتوانێت موسوڵمانان کۆبکاتەوە تاوەکو لە جیاتی ناکۆکی، کێشەکانیان لەوێ لەگەڵ یەکتر چارەسەر بکەن.
ـ بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٣٣١٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر وڵاتێک ڕێگا بدات وڵاتێکی تر لە خاکەکەیەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی سێیەم، تاوانی کردووە و وڵاتی ئامانج دەتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە.
ـ ئێمە ئێستا بەهۆی ئەو دیدگایەی کە لە سووریا دروستیان کردووە، نەمانتوانیوە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەبێت.
ـ هیوادارین لەسەر بنەمای ئیسلام، ئایین، دادپەروەری و ڕاستی هەڵسوکەوت بکەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×