بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە سەرچاوە بازرگانییەکان و داتاکانی کەشتیوانییەوە دەستی کەوتووە، عەرەبستانی سعوودیە پرۆسەی بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی لە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور دەستپێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای دووبارە خستنەکارەوەی هێڵی بۆری (ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا) دێت، کە بووەتە هۆی زیادبوونی پێشبینییەکان بۆ ئاساییبوونەوەی هەناردەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئاوێنە: لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسەکە لە زاری کۆمپانیایەکی پاڵاوتنی ئاسیاییەوە ئاشکرای کردووە کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی کڕیارەکانی لە خشتەی بارکردن و گواستنەوەی مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) لە بەندەری یەنبوعەوە ئاگادار کردووەتەوە.
هاوکات، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "تانکەر تراکەرز"ی تایبەت بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان، وێنە مانگدەستکردەکانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا کە لە ٢٧ی ئەیلوول لەسەر دەریای سوور گیراون، ئەوە دەردەخەن کە سعوودیە نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە هەردوو بەندەری یەنبوع و موعجیز بارکردووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بێجگە لە نەوتی خاو، چاودێری پرۆسەی بارکردنی بەرهەمە پاڵێوراوەکانیشیان کردووە، هەروەها بە تێکڕا نزیکەی ٤٠ تانکەری نەوتهەڵگر لە ناوچەکە بینراون، بەبێ گوێدانە جۆری چالاکییەکانیان یان ئاستی نزیکییان لەو دوو بەندەرەوە.
لە کۆتاییدا، دوو سەرچاوەی بازرگانی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە قەبارەی ئەو نەوتەی لە هەفتەی ڕابردووەوە لە بەندەری یەنبوعەوە بارکراوە، بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنرێت.