وۆڵ ستریت جۆرناڵ: توانای تاران بۆ تێکدانی جووڵەی نەوت لە گەرووی هورمز، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەمتردەبێتەوە
  2026-09-29     

بەپێی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەمتر دەتوانێت هاتووچووی نەوت لە گەرووی هورمز تێکبدات. ئەوەیش واتای ئەوەیە کە ئێران ئەو "کارتە" لەدەست دەدات کە پێشتر بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا بەکاریدەهێنا.

 

ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، توانای ئێران بۆ تێکدانی هاتووچووی نەوت لە گەرووی هورمز و بەکارهێنانی وەکو ئامرازی فشار لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەمریکا، بەرەو کەمبوونەوە و لەناوچوونە؛ هاوکات مەترسیی ئەوە زیاد دەکات کە تاران بۆ بەهێزکردنی دۆخی خۆی، ڕوو لە توندوتیژیی زیاتری سەربازی بکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، لاوازبوونی ئێران لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هێزی دەریایی ئەمریکا و بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداوی فارس، لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سوپای پاسداران و لادان لێیان، شارەزاییان زیادتر بووە، و لە ئەنجامدا، کەشتییەکان زیاتر دەتوانن لە گەرووەکە تێپەڕن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران بەپێچەوانەی وڵاتانی ناوچەکە، هیچ ڕێگایەکی جێگرەوەی نییە بۆ لادان لە گەرووەکە. ئەو نەوتە خاوەی کە تازە بارکراوە، لە پشت گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا لە دەروازەی کەنداوی فارسدا ماوەتەوە و ناتوانێت بەرەو دەرەوە بڕوات. بەپێی خەمڵاندنی شیکەرەوان، کامیۆنەکان واتە(ئێران هەوڵدەدات بەشێک لە نەوتەکەی بە ڕێگای وشکایی بگوازێتەوە) دەتوانن ڕۆژانە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بگوازنەوە؛ ئەوەش ژمارەیەکی بچووک و کەمە بەراورد بەو نزیکی دوو ملیۆن بەرمیلەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ، ڕۆژانە هەناردە دەکرا.

هاوکات، بڕی نەوتی خاوی ئێران کە پێشتر لەسەر نەوتهەڵگرەکانی دەرەوەی سنووری گەمارۆ بارکراوە و هێشتا داهات بۆ تاران دەستەبەر دەکات، لە سەرەتای مانگی ٩ی ئەمساڵ بڕەکە لە ٢٩ ملیۆن بەرمیلەوە کەمبووەتەوە بۆ نزیکی ١٥ ملیۆن بەرمیل. کۆمپانیای کێپلێر چاوەڕوانە ئەم بارهەڵگرانە کە زۆربەیان ئامانجیان چینە، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ١٠ بەتەواوی کۆتایی پێبێت.

لەوبارەیە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ئەم مانگە ئیسکات بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند "لەوانەیە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، ئەو (ئێران) کۆتا بارهەڵگرەکانی نەوتی خۆیان بۆ چین بگوازنەوە و پاشان چیتر هیچیان نامێنێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، داتاکان نیشانی دەدەن هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم مانگەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست بۆ بەرزترینی خۆی لەکاتی دەستپێکردنی جەنگەوە. هەروەها بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کێپلێر، ئەو بارهەڵگرانەی کەلە ڕێگای گەرووی هورمز و ڕێگا جێگرەوەکانەوە دەگوازرێنەوە، هەتا هەفتەی ڕابردوو گەیشتوونەتە کەمتر لە ٨٠ لەسەدی جووڵەی ناوچەکە پێش جەنگ.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە سعودیە، عێراق، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی و وڵاتانی تر، کەلە ڕێگای هورمز و ڕێگا جێگرەوەکانەوە دەگوازرێنەوە، گەیشتووەتە نزیکی ١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای چاودێریکردن و بەدواداچوونی شوێن و جووڵەی کەشتییەکانی هواکس، ئەمە بەرزترین ڕێژەیە لەمانگی دووەوە؛ کاتێک هەناردەکردنی ناوچەکە نزیکی ١٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکراشیکردووە، ئەم بارودۆخە هاندەرێکی مەترسیداریش دروست دەکات. بە کەمبوونەوەی داهاتی نەوتیی ئێران و دۆزینەوەی ڕێگا جێگرەوەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، لەوانەیە تاران هێرشی دووبارە وەک باشترین ئامرازی ماوە بۆ جێبەجێکردنی فشار ببینێت؛ تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوە مەترسیی وەڵامدانەوەی ئەمریکا زیاد بکات.

جەختیشیکردەوە، کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداوی فارس نیگەرانن ژێرخانەکانی وزە لەبەردەم هێرشی نوێدا بن. هاوکات بەرپرسانی ناوچەکەش دەڵێن؛ سوپای پاسداران پلانی خۆی بە خێرایی گۆڕیوە و، لەوانەیە هێرشەکانی سەر بەندەر و پاڵاوگە و بۆڕییەکان زیاد بکات.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا هێرشەکانی ئێران بۆسەر کەشتییەکان لە هورمز کەمبووەتەوە. لایخۆشییەوە ڕێکخراوی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO)، سەربە هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، لە ٧٢ کاتژمێری رابردوودا هیچ هێرش یان تێکچوونێکی پشتڕاستکراوە لە هورمز ڕووینەداوە، هەرچەندە ئاستی هەڕەشە هێشتا بەتوندی هەڵدەسەنگێندرێت.

هەر بۆ ئەو مەبەستە، ڕیچارد بڕۆنز، یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری بەشی جیۆپۆلیتیکیی کۆمپانیای وزەی ئیسپێکتس، وتی "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران هەست بکەن کۆنترۆڵیان بەسەر هورمزدا لاواز دەبێت، مەترسیی ئەوە زیاد دەبێت کە بەدوای ڕێگای تردا بگەڕێن بۆ زیادکردنی ململانێ".

زۆرترین بینراو
لەسەر هێرشەکانی دژی کورد و پارەدارکردنی حەماس، نەتەنیاهۆ سکاڵا دژی ئەردۆغان تۆمار دەکات
"عێراق له‌به‌رده‌م دو بژارده‌دایه‌ كه‌ شیرینتره‌كه‌یشیان هه‌ر تاڵه‌"
پەردە لەسەر هێرشەکەی سەر بۆری نەوتی سعوودیە لادەدرێت؛ عێراق گروپەکانی سەر بە ئێران و حوسییەکان تۆمەتبار دەکات
عێراق بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد وەردەگرێتەوە و جەخت لە سەروەریی بڕیاری ئەمنی دەکاتەوە
باڵاپۆشی زۆرەملێ لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان: بڕیاره‌كه‌ی دادگا كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كاركردن
وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداری دەداتە زانکۆ تایبەتەکان: وەرگرتنی پێشوەختەی کرێی خوێندن قەدەغەیە
منداڵ لە جینۆسایدی ئەرمەندا
​لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا ٨ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون
میدیای ره‌سمی عێراق: گه‌شته‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف و فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێران ده‌ستیانپێكرده‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×