ڕۆژی چوارشەممە، گەشتێکی ئاسمانیی کۆمپانیای "فڵای دوبەی" کە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب بەڕێکەوتبوو، بەهۆی دروستبوونی ڕووداوێک لەنێو شوێنی فڕۆکەوانەکاندا، ئاماژەی فریاگوزاریی نارد و ناچار بوو بەپەلە لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە عەرەبستانی سعودیە بنیشێتەوە. ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی دروستبوونی گومان لای بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "یهدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، فڕۆکەکە کە ١٧٤ سەرنشینی هەڵگرتبوو، دوای نزیکەی ٩٠ خولەک لە فڕینی و لەکاتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی ئوردندا، سەرەتا کۆدی (٧٧٠٠)ی ناردووە کە کۆدێکی نێودەوڵەتییە بۆ باری لەناکاوی گشتی. کەمێک دواتر، کۆدی (٧٥٠٠)ی ناردووە کە ئاماژەیە بۆ دەستوەردانی نایاسایی و ئەگەری ڕفاندنی فڕۆکە. لە هەمان کاتیشدا، فڕۆکەکە ئاراستەکەی گۆڕیوە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو ئاسمانی سعودیە و بە نزمیش فڕیوە. ئیسرائیلیش دەستبەجێ فڕۆکەی جەنگیی ناردووە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە هۆکاری کاراکردنی زەنگی ئاگادارکردنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕ و گرژی لەنێوان هەردوو فڕۆکەوانەکە لەناو قەمەرەی فڕۆکەوانیدا. لەسەر ئەم پرسە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەیان بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکە ئەنجامداوە.
لێدوانی فڕۆکەخانەی تەبووک و کۆمپانیای فڵای دوبەی
سەبارەت بە ڕووداوەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەمیر سوڵتان بن عەبدولعەزیز لە شاری تەبووکی سعودیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە سەنتەری چاودێریی ئاسمانی کاتژمێر ٨:٤٤ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (٥:٤٤ بە کاتی گرینج)، پەیوەندییەکی فریاگوزاری لە گەشتی ژمارە (FZ1073)ی فڵای دوبەی پێگەیشتووە بۆ نیشتنەوەی ناچاری.
فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ باری لەناکاو ڕاگەیەندراوە و فڕۆکەکە کاتژمێر ٩:٤٥ خولەک بە سەلامەتی نیشتووەتەوە. پاش پشکنین دەرکەوتووە کە کاپتنی فڕۆکەکە و یاریدەدەرەکەی بریندارن و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. هاوکات چاودێریی پێویست پێشکەش بە سەرنشینەکان کراوە و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکە کراوە بۆ دابینکردنی فڕۆکەیەکی جێگرەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
لەلای خۆیەوە، وتەبێژێکی کۆمپانیای "فڵای دوبەی" بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە فڕۆکەکەیان لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلولدا دوای ئەوەی ڕووبەڕووی "ڕووداوێک" بووەتەوە، بە سەلامەتی لە تەبووک نیشتووەتەوە و سەرجەم سەرنشینەکانیش سەلامەتن. دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەیەکی دیکە لە دوبەیەوە نێردراوە بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان.
گومانەکانی ئیسرائیل
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردووەتەوە کە ئەگەری ئەنجامدانی "کردەوەیەکی تیرۆریستی" لەناو فڕۆکەکەدا بەدوور نازانرێت. بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەوڵی ڕفاندن یان کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکەی دابێت لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان ڕووبەڕووی بووەتەوە.
هاوکات، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ئاشکرایکردووە کە گومانەکان بەرەو ئەوە دەچن یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە ویستبێتی کۆنترۆڵی فڕۆکەکە بکات و بە سەرنشینەکانەوە بیخاتە خوارەوە. لە ئێستاشدا ئیسرائیل چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سعودیە دەکات سەبارەت بە ڕاستیی و دروستیی ڕووداوەکە.