ئا: ئاوێنە
ناتانیاهۆ لەگەڵ ئەو کەسە کۆبووەوە کە ژیانی سەرنشینانی فڕۆکەی فڵای دوبەی ڕزگارکرد، لە باوەشی گرت و ستایشی کارەکەی کردو وتی "سەیری تۆ دەکەمو شێرێک دەبینم".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە فڕۆکەخانەی بن گوریۆنو لەگەڵ ئەو کەسە کۆبۆوە کە سەرنشینانی ئیسرائیلی لە کاتی گەشتێکی "فلای دوبەی" رزگار کرد، کە ناوی "یانیڤ شەفراز"ە.
بنیامینو یانیڤ باوەشیان کرد بەیەکدا، لەکاتێکدا یانیڤ هێشتا کراسێکی خوێناوی لەبەردا بوو، لەبەرئەوەی ئەو کەسەی بریندارکردبوو، کە ئیسرائیلییەکان پێیدەڵێن "تیرۆریست"و دەیویست فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە.
نەتانیاهۆ ڕووی تێکرد و وتی: شێر. دواتر سەرۆک وەزیران لەگەڵ خێزانی سەرنشینەکە کۆبووەوە.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، یانیڤ هایۆن کە پەڵەی خوێن لەسەر کراسە سپییەکەی بووە لە کاتی نیشتەوەی لەئیسرائیل، بەنەتانیاهۆی وتووە "دوای ئەوەی چووەتە ناو کابینەی فڕۆکەوانی فلایدوبەی، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هەوڵی لەناوبردنی ئەو ئامێرانەی فڕۆکەکەی داوە بەمەبەستی خستنە خوارەوەی، هێرشبەرەکەی گرتووەو بەستویەتییەوە، بازی داوەو کۆنتڕۆڵەکانی راکێشاوە".
یانیڤ هایۆن بەم شێوەیە باسی ئەو ساتە تراژیدیانەی لەئاسماندا کرد، کاتێک کۆنترۆڵی ئەو فڕۆکەیەی کرد کە هەوڵی کەوتنەخوارەوەی درا.
هەروەها شۆتا موسایێڤ، یەکێک لەو سێ سەرنشینەی کە لە فڕۆکەیەکی فلایدوبەی هێرشیان کردە سەر یاریدەدەری فڕۆکەوانەکەو دواتر چارەسەری پزیشکییان بۆ فڕۆکەوانە چەقۆ لێدراوەکە کرد، بە "ینێت"ی ئیسرائیلی وت "چاوەڕوانم نەکرد، بینیم شتێک هەڵەیە و ڕامکرد، تیرۆریستەکە تووشی شۆک بوو، بەڵام دەست و قاچیمان بەست تا تێگەیشت لە دەستی ئێمەدایە".
شۆتا موسایێڤ پزیشکی ددان یەکێکە لەو سێ ئیسرائیلییەی لە گەشتی فلای دوبەی هێرشیان کردووەتە سەر یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە، دواتر چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو فڕۆکەوانە دابین کرد کە چەقۆی لێدرا و ژیانی ڕزگار کرد.
موسایێڤ بە ینێت-ی ڕاگەیاندووە، "فڕۆکەوانەکە لە دۆخێکی زۆر سەختدا بووە، خوێنبەربوونی زۆر لە سەر و دەستەکانیدا بووە، من تاکە پزیشک بووم لەناو فڕۆکەکەدا. توانیم خوێنبەربوونەکە بوەستێنم، فڕۆکەوانەکەش لە دۆخێکی تا ڕادەیەک جێگیر بووە تا نیشتنەوەی، کاتێک بارودۆخی کەمێک تێکچووە".
ئەو ساتەکانی دەستگیرکردنی یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە دەڵێت "ئێمە چەند کەسێکی قارەمان بووین، کۆنترۆڵی تیرۆریستەکەمان کردو بەستمانەوە، بێگومان توندڕەو بوو، بەڵام سەرکەوتوو بووین. فڕۆکەوانەکە لەکاتێکدا لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو پەیوەندی پێوەکردین و گوتی تەمەنی 39 ساڵە و دوو منداڵی هەیە، تیرۆریستەکە چەقۆی لێداوە و جنێوی پێداوە، لێرە چوار کەس هەبوون کە کۆنترۆڵی تەواوی دۆخەکەیان کردبوو، کوڕێک بە ناوی یانیڤ یەکەم کەس بوو چووە کابینەکەوە، ئەوەم بینی. دواتر منیش ڕامکردە پێشەوە، چاوەڕێی ئەوەم نەکرد کە بانگم بکرێت کاتێک گوێم لە هاوار بوو چوومە شەڕەوە لەگەڵ تیرۆریستەکە، نەهاتم بۆ ئەوەی یارمەتی پزیشکی بدەم، بەڵام دوای ئەوەی تیرۆریستەکەمان بەستەوە، چارەسەری فڕۆکەوانە چەقۆلێدراوەکەم کرد".
سەبارەت بە هەستەکانی خۆی باسی لەوە کرد "پێمان وابوو لە سەدا سەد دەمرین، فڕۆکەکە لە نیو خولەکدا وەک شێت بەرزییەکەی لەدەستدا، فڕۆکەوانەکانمان بینی و دەستمان کرد بە هاوارکردن، دواتر کاتێک یەکێک چووە ناو کابینەکەوە و کۆنترۆڵی کرد، بۆمان دەرکەوت کە ڕزگارمان بووە".
شاڵۆم، سەرنشینێکی دیکەی فڕۆکەکە، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ کچەکەی لە ڤێتنامەوە گەیشتوونەتە ئەوێ، باس لە قارەمانێتی هایۆن دەکات و دەڵێت: "ئەوە موعجیزەیەک بوو، یانیڤ پاڵەوانی فڕۆکەکەیە، کە زاڵ بوو بەسەر تیرۆریستەکەدا".
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە) فڕۆکەی فریاگوزاری کە سەرنشینانی گەشتی فلای دوبەی هەڵگرتبوو ، بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن نیشتەوە، سەرنشینەکان بە ماندووبوون و دڵخۆشییەوە دەستیان کرد بە دەرچوون لە تێرمیناڵەکە دوای ئەو کاتژمێرە گرژانەی کە تێیان پەڕاندبوو. چالاکوانان لەوێ چاوەڕێیان دەکرد و ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبۆوەو سەمایان دەکردو گۆرانی "ستایش بۆ ئیسرائیل"یان دەگوت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) درامایەکی نائاسایی لە گەشتێکی فلایدوبەی لە ڕێگەی دوبەیەوە بۆ ئیسرائیل ڕوویدا، دوای ئەوەی لە کاتی گەشتەکەدا سیگناڵێکی ناڕەحەتی چالاککرا و فڕۆکەکە بۆ نیشتنەوەی فریاگوزاری لە سعودیە نیشتەوە.
سەرەتا لە ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ گومانی ڕفاندن کرا، هێزی ئاسمانی فڕۆکەی جەنگی بەرەو فڕۆکەکە ناردو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی بەپەلە کەوتنە سۆراغی فڕۆکەکە، کە نزیکەی ١٨٠ سەرنشینی هەبوونو زیاتر لە ١٠٠ کەسیان ئیسرائیلی بوون.
دواتر دەرکەوت کە ئەمە ڕفاندن نەبووە. لەکاتی گەشتەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان فڕۆکەوانەکە و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکەدا روویداوە، کە هاوفڕۆکەوانەکە بەچەقۆ لەفڕۆکەوانە سەرەکیەکەی داوەو ویستویەتی فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە بۆ ئەوەی سەرنشینە ئیسرائیلییەکان لەناوببات.
شایەتحاڵی سەرنشینێکی ئیسرائیلی کە لە فڕۆکەکەدا بووە، وردەکارییەک لەو ساتانەی دڵەڕاوکێ دەدات کە سەرنشینەکان ئەزموونیان کردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ i24news، دەلێت "گوێمان لە هاوار بوو لەناو فڕۆکەکەدا، دواتر کابینەی فڕۆکەوانەکەیان کردەوە، خوێنیان بینی و کەسێک بە چەقۆ لەفڕۆکەوانەکەی دەدا".
بە وتەی ئەو، سەرنشینە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانیدا یارمەتیان داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆمەتبارەکەو دەڵێت "ئێمە نوێژی 'شێما ئیسرائیل'مان کرد. ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئەو تیمەی کە لەوێ بوون، چەقۆکێشەکەیان گرتو بەستیانەوە، ئێمە نیشتنەوەی بەپەلەمان کرد، ئەوە ساتگەلێک بوون کە پێمان وابوو بەزیندووی لەم رووداوە دەرناچین".


