درەنگانی شەوی ڕابردوو، تەرمی کەسایەتی و بازرگانێکی شاری سلێمانی بە ناوی (محەمەد مەلای مامە گەورە پێنجوێنی) لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە کوژراوی دۆزرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چارەنووسی نادیار بوو.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتوون، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی پاکتاوکردن و دانەوەی قەرزی کارەبا بەنیازی سەردانیکردنی یەکێک لە فەرمانگەکانی کارەبا بووە و بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری کاشی پێبووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر چوونەدەرەوەیدا، بێسەروشوێن بووە و هیچ سۆراغێکی نەماوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان لە دیارنەمانی ئەو بازرگانە ئاگادار کراونەتەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکردووە، دەرکەوتووە کە ناوبراو ڕووبەڕووی ڕووداوی کوشتن بووەتەوە و تەرمەکەشی لە گۆڕستانی گردی سەیوان لەناو شاری سلێمانی دۆزراوەتەوە.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و ڕێکارە یاساییەکانیان دەستپێکردووە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی تاوانەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.