لە پێشهاتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دامەزراوە داراییە بیانییەکان کردووە و هەڕەشەی سەپاندنی سزایان لێدەکات لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ ئێران یان کەرتی بانکیی ئەو وڵاتە.
ئاوێنە: لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: "ئەو دامەزراوە داراییە بیانییانەی کە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوە داراییە ئێرانییانەی سزایان لەسەرە، لە هەر کاتێکدا بێت و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە دەکرێنە ئامانج." وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە ئەو لایەنانە دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە چالاکی و پەیوەندییانە.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وزە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد کە ڕێگە بە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی دەدات ئەو جۆرە دیزڵە (گازوایلە) بەکاربهێنن کە ڕەنگی سوورە و بەخشراوە لە باج. ئەم جۆرە سووتەمەنییە لە دۆخی ئاساییدا تەنها بۆ ئامێرە کشتوکاڵییەکان و ئەو ئامێرانە تەرخانکراوە کە لە دەرەوەی ڕێگاوبانە گشتییەکان بەکاردەهێنرێن.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی - کە پەیوەست کراوە بە شەڕی ئێرانەوە - کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر پێگەی پارتی کۆمارییەکان، ئەمەش تەنها چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لەو وڵاتە.
لەمیانی وتارێکیدا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی نیبراسکا لەبەردەم لایەنگرانیدا، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە "بە شێوەیەکی فەرمی مەرجی بەکارهێنانی سووتەمەنییەکە تەنها بۆ دەرەوەی ڕێگا قیرتاوکراوەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، و ڕێگە بە هەر کەسێک دەدات کە دیزڵی سووری بێباج بۆ هەر مەبەستێک کە بیەوێت بکڕێت."
جێی ئاماژەیە، دیزڵی ڕەنگ سوور هەمان ئەو پێکهاتەیەی هەیە کە لە دیزڵی ئاساییدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە باجی تایبەت بە ڕێگا خێراکان نایگرێتەوە.
لەم هەفتانەی دواییدا، نرخی دیزڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٦ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک. ئەم بەرزبوونەوەیەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی کە ڕووسیا وەک دابینکەرێکی سەرەکی لەسەر هەناردەکردنی دایناوە، ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی ئۆکرانیا کە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی مۆسکۆ، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.