لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی یەمەن".. شەڕی تەعز چڕتر دەبێتەوە و هەردوولا باس لە پێشڕەوی دەکەن
  2026-10-06     

هێزەکانی حکومەتی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە کۆنترۆڵی چیاکانی مەنتەرە، ئەشاریف و زیبان-یان لە قەزای حەیفان لە باشووری پارێزگای تەعز کردووە، ئەمەش لە میانی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لەگەڵ چەکدارانی گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) بەردەوامە. بەپێی لێدوانی هێزەکانی حکومەت، بە پاڵپشتی "بەرگری میللی" توانیویانە دەست بەسەر ئەو پێگانەدا بگرن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شەڕ لە چەندین بەرەی دیکەی تەعز وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی "بەرەبەیانی یەمەن" (فجر الیمن). پێشتریش حکومەت ڕایگەیاندبوو کە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەی زوباب و بابولمەندەب تا دەگاتە موخا لە ڕۆژئاوای تەعز پێشڕەوییان کردووە.

ئاوێنە: ​لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە گرووپەکەیان پارێزگاری لە دەستکەوتە مەیدانییەکانیان دەکات و ڕاگەیەندراوەکانی حکومەتی بە "پاڵەوانێتی خەیاڵی" وەسف کرد. ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بەردەوامن لە ڕاوەدونانی کۆبوونەوە سەربازییەکانی بەرامبەر لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی تەعز و مەئریب. هاوکات لە پارێزگای سەعدە لە باکووری وڵات، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویان کردەوە کە بەهۆی بۆردومانێکەوە بۆ سەر قەزای شیدای سنووری، کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

​پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە، هێزەکانی حکومەت دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی یەمەن"یان ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەشاد عولەیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەن فەرمانی دەستپێکردنی قۆناغەکەی دەرکرد بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان دان. لە کاتێکدا عولەیمی "کاتژمێری سفری" ڕاگەیاند، هێزەکانی حکومەت ئاشکرایان کرد کە ١١٢٢ ئۆپەراسیۆنی ئامانجدار کراون لە بەرەکانی سەعدە، جەوف، تەعز و کەناراوەکان، کە تێیدا پێگەی تۆپخانە، موشەکهاوێژ، سەنگەر، ڕێگاکانی گواستنەوە و بنکەکانی فەرماندەیی حوسییەکانیان پێکاوە.

​لە لایەکی دیکەوە، "هاوپەیمانی پاڵپشتی شەرعیەت" بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند کە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە و ٣٢٤ ئامانجی "گرنگ و ستراتیژی"یان وێران کردووە. هاوپەیمانییەکە جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی ئاسمانی بۆ هێزەکانی حکومەت و دابینکردنی پاراستنی ئاسمانی بۆ گەرووی بابولمەندەب کردەوە. دواتریش تێکشکاندنی سەکۆیەکی هەڵدانی موشەکی بالیستییان لە سەنعای پایتەخت و وێرانکردنی کۆگایەکی چەک لە ناوچەیەکی شاخاویی سەعدە ڕاگەیاند کە ٢٠ موشەکی بالیستی تێدا بووە.

​لە درێژەی هێرشەکاندا، شەوی ڕابردوو هاوپەیمانییەکە زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی حوسییەکان لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن ئەنجامدا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەیان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا کۆگاکانی چەک، بەلەمی بۆمبڕێژکراو و مینی دەریایی سەر بە حوسییەکان وێران کراون کە وەک "ئامانجی ڕەوای سەربازی" وەسف کراون. هاوپەیمانییەکە دەڵێت ئەم هێرشانە پیلانێکیان بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی باشووری دەریای سوور پووچەڵ کردووەتەوە و لە چوارچێوەی ئامانجەکانیانە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی بابولمەندەب.

​لە کۆتاییدا، فەریق ڕوکن سەغیر بن عەزیز، سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزەکانی حکومەتی یەمەن، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکان تەئکیدی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی یەمەن" بەردەوام دەبێت و ناوەستێت تا ئەو کاتەی تەواوی ئامانجەکانی دەپێکێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگەڕێندرێنەوە.

زۆرترین بینراو
بڕیاری دادگا دەرچوو؛ مەزڵوم عەبدی بەفەرمی ناوی خۆی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی
سیپان حەمۆ بۆ فۆرین پۆلسی: یەکگرتنەوەمان بژاردەیەکی ناچارییە و سازش لەسەر دەستکەوتەکانی کورد ناکەین
ئۆجەلان بۆ عێراق و ئێزدییەکان: ئەگەر یەبەشە بچێتە ناو سوپای عێراقیشەوە، نابێت لە شنگال دەربکرێت
کەنەکە کەمپینێکی ملیۆنی بۆ ناساندنی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت
گۆڕینی چاڤی لاند بۆ پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون و بازرگانی "سه‌رپێچییه‌كی نوێیه‌ له‌ بناری گۆیژه‌"
مه‌سرور بارزانی: سه‌بری ئێمه‌ش سنوری هه‌یه‌، په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌و حكومه‌ت پێكبهێنن
ئاسایش: گروپێكی چه‌كداری سه‌ربه‌ ویلایه‌تی كوردستانی داعشمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و 22 ئه‌ندامیمان ده‌ستگیركرد
ده‌سته‌ی دەستپاکی: سزای زیندانی و پێبژاردن بۆ دو بەرپرسی "ئێستا و پێشو"ی دەستەی وەبەرهێنان ده‌رچو
ریاز و ئه‌نقه‌ره‌و ئیسلامئاباد رێككه‌وتن له‌سه‌ر بڵاوه‌پێكردنی هێزی سه‌ربازی له‌ سعودیه‌
سەرەڕای گرژییەکانی گەرووی هورمز؛ هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستەکانی پێش جەنگ تێدەپەڕێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×