بەیانیی ئەمڕۆ، دەزگای هەواڵگریی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، توانیان بەرپرسێکی دیار و باڵای ڕێکخراوی چەکداریی داعش دەستگیر بکەن.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چەند ڕۆژێک لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی وردی هەواڵگری هاتووە، هەروەها بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی لیوا ڕوکن "مەعد بەدایی"، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بەڕێوەچووە و تیایدا توانراوە ئەو سەرکردەیەی داعش بخرێتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە.
ئەم پێشهاتە ئەمنییە و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو، چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنین و ئەمنیی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە سنووری شارۆچکەی حەویجە، کە بەهۆی ئەو پەلامارەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دەزگا پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەگەڵ ئەو بەرپرسەی داعشدا، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان و پرۆسەی لێکۆڵینەوە، تەواوی وردەکارییەکان لەسەر ناسنامە و پلەی ئەو سەرکردەیە لەناو ڕێکخراوەکەدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.