ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێستا گونجاوترین ده‌رفه‌ته بۆ رێككه‌وتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە ١٤.١٤٪ و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان له بودجه‌دا.
ئاوێنه: ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له نوسینێكدا له هه‌ژماری خۆی له فه‌یسبوك وتویه‌تی "دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستپێبکەنەوە، هێشتا لە قۆناغی ڕەشنوسى پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدان، نەک پڕۆژە ياسای پەسەندکراو."
وتوشیه‌تی "ئەم ڕەشنوسە کاتێک دەبێتە پڕۆژە یاسا کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییەوە پەسەندبکرێت و بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێردرێت."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه "قۆناغی ئێستا ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە ١٤.١٤٪ و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە بەپێی ماددەی (٦٢/دوەم)ی دەستوری عێراق، ماددەی (١٢)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ و ماددەی (١٧/سێیەم)ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٨، دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنوردارە؛ دەتوانێت تەنها گواستنەوە و کەمکردنەوە ئەنجام بدات، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتی خەرجییەکان تەنها دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاردان."
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "بۆیە پێویستە پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناغی ئێستای ڕەشنوسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناغەکانی دواتر دوا نەخرێن، چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت."