دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ١١ هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی شوباتی ٢٠٢٥ دەستبەسەر کردووە و تا ئێستاش ناسنامە و چارەنووسی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەو ١١ کەسە لە پارێزگاکە بڵاوکردەوە و زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەو ١١ هاووڵاتییە لە شارۆچکەی مەلەکشاهی سەربە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەسانە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ دەستبەسەر کراون. هاوکات چەندین تۆمەتی دیکەی وەک "پەیوەندیکردن بە وڵاتانی نەیار" و "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی"یان ئاراستە کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی دروست و پشتڕاستکراوە دەربارەی ناسنامەی دەستبەسەرکراوەکان، شوێنی ڕاگرتنیان و دۆخی یاساییان لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە نەخراوەتە ڕوو.
لە بەرامبەردا، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەبارەی بێسەروشوێنبوونی ئەو کەسانە و ڕێگەپێنەدانیان بە چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیان. ئەو چالاکوانانە نیگەرانیی جدیی خۆیان دەردەبڕن لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەسەرکراوان بە ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێیان، بەتایبەتی کە پێشتریش میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران چەندین جار دانپێدانانی زۆرەملێی هاووڵاتییانی ناڕازیی پارێزگای ئیلامیان بڵاوکردووەتەوە.