وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارێکی نوێی بۆ کارئاسانیی بەشداربووانی پڕۆژەی (ڕووناکی) ڕاگەیاند، کە تێیدا بڕی ٢٠ ملیار دینار لە پسووڵەی مانگانەی ٥٠ هەزار هاوبەش خراوەتە سەر قەرزی کۆن، ئەمەش بە مەبەستی سوودمەندبوونی ئەو هاوبەشانە لە بڕیاری داشکاندنی ٥٠٪ـی پارەی کارەبا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، داوا لە هاوبەشان کراوە لە ڕێگەی سیستەمی (ئی-پسووڵە)ـوە پشکنین بۆ هەژمارەکانیان بکەن. ئاماژە بەوەش دراوە، دەرکەوتنەوەی قەرزی کۆن لە هەژمارەکاندا بەو واتایە دێت کە پسووڵەی مانگانە بە سەرکەوتوویی گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزە کۆنەکان، بۆ ئەوەی هاوبەشان بتوانن سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن. هاوکات، ئەو کەسانەی پێشتر زانیارییەکانیان تۆمار کردووە، لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە (SMS) ئاگادار دەکرێنەوە ئەگەر داشکاندنەکە بیانگرێتەوە.
وەزارەتەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم ڕێکارە بە تایبەتی بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێ کراوە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پسووڵەی کارەبایان پێ نەگەیشتووە و لە ئێستادا بڕێکی زۆر پارەیان لەسەر کەڵەکە بووە، تاوەکو ئەوانیش بێبەش نەبن لەم دەرفەتە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هاوبەشان تەنها تا کاتژمێر ١٢:٠٠ـی شەوی ئەمڕۆ مۆڵەتیان هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدان و سوودوەرگرتن لەو داشکاندنەی بڕیاری لەسەر دراوە.