گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ١٧١ پێشێلکاریی ئاسمانی تۆمار کراون، هاوکات واشنتن بە سەپاندنی بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران تۆمەتبار دەکەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بەیاننامەیەکی فەرمیی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق و پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەو گرووپە ڕەخنەی توند لە ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا دەگرێت و ڕایگەیاندووە، ئەوەی واشنتن ئەنجامی دەدات پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بێبایەخکردنی ئەو بەڵێننامە ڕاگەیەندراوانەیە کە بەرامبەر بە حکومەتی عێراق داویەتی. هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان و پابەندبوونە دوولایەنەکانە، لەسەر ئەو بنەمایەش داوا دەکەن حکومەتی عێراق وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، ڕاستگۆ بێت لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆی و ڕاستیی ڕووداوەکانیان بۆ ئاشکرا بکات.
سەبارەت بە ژمارەی جموجۆڵە سەربازییەکان، مقاوەمەی ئیسلامی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "لە ڕێکەوتی ٣٠ـی ئەیلولەوە هەتا ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ١٧١ پێشێلکاریی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکە شەڕکەر و سیخوڕییەکانی ئەمریکاوە لە ئاسمانی عێراقدا تۆمار کراون."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، کە بڕیارەکانی تایبەت بە داخستنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بە "ئیرادەی ئەمریکا" دەکرێت. ئاماژە بەوەش دراوە کە باسکردن لە بەدەستهێنانی سەروەریی نیشتمانی لە کاتێکدا کە ئەم پێشێلکارییانە بەردەوامن، لەلایەن ئەوانەوە وەک "بێڕێزیکردن بە کەرامەت و ئیرادەی گەلی عێراق" لێکدەدرێتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ململانێ هەرێمییەکان دووپات کردووەتەوە و پێیوایە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی کە بە "خراپەکار" ناوی بردوون، ئەرکێکە کە سروشتی مرۆڤی تەندروست دیاری دەکات، هەروەها ململانێ و شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "شەڕی نێوان ڕاست و هەڵە" وەسف کردووە.