میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی حیزبی دیموکراتی گەلان (DEM)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "میدیا هەبەر تیڤی"، سەبارەت بە دواهەمین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی قسەی کرد. سانجار ئاشکرایکرد کە ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە لەناو زیندانی ئیمڕاڵی دروست کراوە.
ئاوێنە: میتحەت سانجار سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی دەڵێت "لە دوو مانگی ڕابردوودا پڕۆسەکە وەستاوە و ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر بڕیاربووە لە بەرواری دیاریکراودا بنرێت، هێشتا جێبەجێ نەکراون. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە دوای ئەو هەنگاوانەی پەکەکە نای، پێویستە شاندی پەیوەندیدار سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی بکات، بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەردەوام بن و پڕۆسەکە بەرەوپێش بچێت.
سەبارەت بە گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمڕاڵی، سانجار وتی "پڕۆسەکە بە چاوەڕوانی و داواکاریی لایەنێک بە تەنها بەڕێوە ناچێت و ئەو هەنگاوە سەرەکییەی گرێی پڕۆسەکە دەکاتەوە، لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەبێت. بەڕێز ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کەلە ئیمڕاڵی دروستکراوە. ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان ڕازی بووە بگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنە، پێویستی بە خێراکردنی پڕۆسەکە هەیە".