بەپێی زانیارییە میدیاییەکان کە لە سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەستکەوتوون، کۆبوونەوەیەکی نهێنی و درێژخایەن لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بەڕێوەچوو. دیدارەکە کە لە دوای گەیشتنی کتوپڕی قائانی بۆ بەغدا دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەردەوام بوو، ئامانج لێی هێورکردنەوەی ئەو گرژییانە بوو کە مەترسیی هەڵگیرسانی پێکدادانی چەکدارییان لە عێراق لێکەوتبووەوە.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە کشانەوەی چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا لە بنکە سەرەکییەکانیان لە ناحیەی جورف ئەلسەخر لە ئایندەیەکی نزیکدا. لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، هێزێکی هاوبەش لە سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی جێگیر دەکرێن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت لە ناوچەکەدا. بەم پێیەش، حکومەتی عێراق ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ڕاگرت کە بڕیار بوو دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی ڕۆژی هەینی، بە بەکارهێنانی تانک و زرێپۆش ئەنجامی بدات.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە شەوی دووشەممە، چەند سەرکردەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکی هۆشدارییان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردبوو، کە تێیدا هەڕەشەی بۆردومانکردنی ناوچەی سەوزیان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردبوو، ئەگەر بێتو سوپا هێرش بکاتە سەر جورف ئەلسەخر. ئەم هەڕەشانەش وایان لە نێردە دیپلۆماسییەکانی ناو بەغدا کرد ڕێوشوێنی ئەمنی و خۆپارێزیی توند بگرنەبەر.
پێشتر و لە کۆبوونەوەی ئێوارەی دووشەممەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، دەمەقاڵێیەکی توند لە نێوان عەلی زەیدی و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر دروست ببوو. لەو دانیشتنەدا عامری بەرگریی لە کەتائیب کردبوو و بە "موجاهید" ناوی بردن، هاوکات داوای کردبوو پەلە نەکرێت لە بڕیاردان دژیان. لە بەرامبەریشدا کەتائیبی حزبوڵڵا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کارگەکانی دروستکردنی موشەک و درۆنەوە، جەختیان لەوە کردبووەوە کە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.
لە ڕووی سەربازییەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە زەیدی پلانی دانابوو بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە ڕێگەی سێ لیوای سوپاوە هێرش بکاتە سەر ناوچەکە، بەڵام ئاشکرابوونی پلانەکە و دزەپێکردنی لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازییەوە، هۆکار بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە لەو کاتەدا.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەی ئەم قەیرانە گەورەیە دەگەڕێتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لەلایەن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومییەوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە، بڕی نزیکەی دوو ملیار دۆلار نەوت لە ساڵێکدا لە بۆرییەکانی جورف ئەلسەخرەوە بە قاچاخ براوە. لەسەر ئەم دۆسیەیەش، سەرۆک وەزیران بڕیاری دوورخستنەوەی نۆ بەرپرسی باڵای لە پارێزگای بابل دەرکردووە.
جێی باسە، ناحیەی جورف ئەلسەخر کە دەکەوێتە دووری ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای پایتەختەوە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ـەوە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی کەتائیبی حزبوڵڵادایە. ماوەی زیاتر لە دە ساڵە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارە بوون و تا ئێستاش ڕێگە بە هیچ دامەزراوەیەکی حکومی نەدراوە بگەڕێتەوە ناو ناحیەکە.