بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە سبەی سێشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم بۆ چەند توێژێکی مووچەخۆران دەستپێبکات.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەکە لە سبەینێوە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەگرێتەوە.
هاوکات وەزارەتەکە روونیشی کردووەتەوە، شانبەشانی مامۆستایانی گرێبەست، مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش خەرج دەکرێت کە لە دوای رێکەوتی ١ـی تەمموزی ٢٠٢٤ (١-٧-٢٠٢٤)ـەوە بە هەر دوو شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوە حکومییەکان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
لەبارەی وادەی تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەکانەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرای کردووە، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و نەبوونی بڕی پێویستی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی دابەشکردنەکە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا سەرجەم ئەو چین و توێژانە مووچەکانیان وەردەگرن.